خۆپیشاندانەکانی سلێمانی کێشەی ناوخۆیی لەنێو گۆڕاندا دروست دەکات
پاش ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان لەو پۆستە دایە، داوای کۆتاییهێنان بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنی کرد و بەو هۆیەوە ئەمڕۆ شەممە 12\11\2016، لە بەشێک لە قوتابخانەکانی سلێمانیدا دەوام دەستی پێ کرد. ئاسۆ مەحمود، باژێروانی سلێمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: “بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندنە لە سنوری پارێزگای سلێمانی”. جەختیشی لەوە کردەوە کە “هەر کەس و بیرکردنەوەیەک پێچەوانەی ئەم بنەمایە کار بکات، ئەوە لە بزووتنەوەی گۆڕان لای داوە”.
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان بەم بانگەشەیەی باژێڕوانی سلێمانیی بزووتنەوەکەوە پابەند ببێت، بەڵام خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی گۆڕان ئەنجام درا و تێیدا ئارام شێخ محەمەد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە یەکێکە لە بەرپرسانی گۆڕان، داوای لە خۆپیشاندەرانی سلێمانی کرد، بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی گۆڕان لە بەغدا سەربگرێت و حکوومەتی عێراق ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانیدا بکات و مووچە و بودجە بۆ پارێزگاکە بنێرێت، لە خۆپیشاندان بەردەوام بن. ئەمەش هەڵوێستێکی پێچەوانەی هەڵوێستەکەی پێشووی ئاسۆ مەحمود، باژێڕوانی سلێمانیی گۆڕانە.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لەنێو بزووتنەوەی گۆڕانەوە ڕایگەیاند کە ئەوانەی داوای کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانی مامۆستایان و بایکۆت دەکەن، دەیانەوێت قوتابییانی سلێمانی ئەمساڵیان لێ بەفیڕۆ نەڕوات، بۆیە پێداگری لەوە دەکەن، بەڵام: ”ژمارەیەک لە بەرپرسانی گۆڕان، بە تایبەتی پەرلەمانتارانی بزووتنەوەکە لە بەغدا، گوێ بەو بابەتە نادەن و پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان دەکەن“.
باسنیوز
