کرماشان.. ڕۆژنامەنووسێک دادگایی دەکرێت
بەپێی نامەی بانگهێشتکردنی دادگا حەسەنعەلی مەهدەوی چەشمەگەچی، بەرپرسی هەفتەنامەی (غەرب) لە کرماشان لەلایەن دادگای ئەو شارەوە و لەسەر سکاڵای ئەسەدوڵلا ڕازانی، پارێزگاری کرماشان کە بڕیار بوو دادگایی بکرێ، بەڵام ئەم دادگاییکردنە بۆ دوو هەفتەی دیکە دوا خراوە.
بەرپرسی هەفتەنامەی (غەرب) لەم بارەوە ڕایگەیاندووە "ئەرکی من وەکوو ڕۆژنامەنووس ڕەخنەگرتن و خستنە بەرباسی ڕاستییەکانە، هەروەها خستنەڕووی کەمتەرخەمیی بەرپرسانە، بۆیە هیچ نیگەرانی سزای دادگا نیم و لە قسەکانی خۆم پاشگەز نابمەوە."
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەروەندەی ئەم ڕۆژنامەنووسە ڕایگەیاندووە" حەسەنعلی مەهدەوی، بە تاوانی بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەلایەن دادگاوە بە بێرێزیکردن و بڵاوکردنی هەواڵی ناڕاست و شێواندنی ڕای گشتی تاوانبار کراوە.
ململانێی نێوان ڕۆژنامەنووسان و کاربەدەستانی حکوومەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات زۆر جار بووتە هۆی داخرانی ڕۆژنامەکان و دەستبەسەرکرانی ڕۆژنامەنووسان.
چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئیجلال قەوامی، ڕۆژنامەنووس و گوتەبێژی ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لە شاری سنە لەسەر سکاڵای یەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شاری سنە بانگهێشتی دادگا کراوە.
هەفتەنامەی غەرب (ئورگانی حزبی گەشەی کرماشان)، بڵاوکراوەیەکی فەرهەنگی، سیاسی و ئابوورییە، کە لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بڵاو دەبێتەوە.
باسنيوز
