سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: گۆڕان خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی بۆ مەرامی تایبەتیی خۆی قۆستووەتەوە
دوای گۆڕانی ئاراستەی خۆپیشاندانەکەی مامۆستایان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانییەوە بۆ بەردەم نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی عێراق و وتاردانی بەرپرسانی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق کە تێیدا بانگەشەیان بۆ پڕۆژەی (مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ سلێمانی) کرد، زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: ”ئەمەی کرا، قۆستنەوەی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی بوو لەلایەن گۆڕانەوە. دوێنێ گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق پێشنیازێکی کردووە کە پارەی پارێزگاکان جیا بکرێتەوە و هەر پارێزگایەک لە بەغداوە ڕاستەوخۆ پارەیان بۆ بنێرن، ئەمڕۆ پەیامەکەیان تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکە کرد“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ژمارەی خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆ، ژمارەی مامۆستایانی خۆپیشاندەری ناڕازی نییە، لە کاتێکدا ڕۆژی پێنجشەممە، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی کە سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە، بە ئاشکرا گوتی، ئەوەی هەیە فەوزایە و هەر مامۆستایەک پەیوەندی بە قوتابخانەکەیەوە نەکات، ڕێوشوێنی بەرامبەر دەگیرێتە بەر، بۆیە پێموایە، ئەوەی ئەمڕۆ دروست کرا، بە دڵنیاییەوە بۆ ئەوە بوو کە بە ناوی مامۆستایانەوە، گۆڕان پشتیوانی بۆ پڕۆژەکەی بەغدای کۆ بکاتەوە“.
بە گوتەی زیاد کاکە ڕەزا، ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکەدا بوون، ”زۆرینەیان“ سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان بوون. ئەو گومانیشی لە ئاراستەکردنی خۆپیشاندانەکە بەرەو نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی عێراق هەیە و پێیوایە: ”بۆ ئەوەبوو پەیامی سیاسی تێکەڵی خۆپیشاندان بکرێت“.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”بەپێی زانیارییەکانمان، بەشی هەرە زۆری مامۆستاکانی سلێمانی بەو هەنگاوانە ڕازی بوون کە لەلایەن پەروەردەوە گیراوەتە بەر بۆ دەست پێ کردنەوەی دەوام، ژمارەی هەرە زۆری مامۆستایان پێیان ناخۆشە و لە دڵەوە دڵتەنگن کە دەرگای قوتابخانەکان داخراوە، بۆیە دواکەوتنی یەک ساڵ خوێندن، پێش هەموو کەس، مامۆستایان باشتر لێی تێدەگەن“.
زیاد کاکە ڕەزا دووپاتی کردەوە: ”ئەو خۆپیشاندانەی ئەمڕۆ کرا، پلان و بەرنامەی حزبێک بوو کە تێکەڵ بە داواکاریی خۆشەویستترین چینی میللەت کرا کە مامۆستایانە. گۆڕان بۆ مەرامی تایبەتیی خۆی، دۆخەکەی قۆستەوە. دڵنیام پرۆژەکەیان لە بەغدا سەر ناگرێت“.
باسنیوز
