بارزانی: ئاوادانکردنەوەی نەینەوا پێویستیی بە هەوڵێکی نێودەوڵەتییە

 بارزانی: ئاوادانکردنەوەی نەینەوا پێویستیی بە هەوڵێکی نێودەوڵەتییە
پاتریارکی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشووری رایدەگەیەنێت، کە سیاسەت و پەیامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ مەسیحییەکانی کوردستان و عێراق، ئومێدبەخشن.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گۆرگیسی سێیەم سڵێوە، پاتریاکی کڵێسای ڕۆژھەڵاتی ئاشووری لە جیھان و عێراق و ئەندامانی ئەنجوومەنی سێنھادۆسی پیرۆزی کڵێسای ڕۆژھەڵاتی ئاشووری، لە شارۆکەی سەڵاحەدین کۆبوونەتەوە.

مەسعود بارزانی سەرەڕای باسکردنی دوایی پێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ و سەرکەوتنەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، بە شاندە مەسیحییەکەی راگەیاندووە، گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە، هەوڵێکی نێودەوڵەتیی پێویستە.

پاتریارک گۆرگیسی سێیەم سڵێوە لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای سوپاسکردنی مەسعود بارزانی بۆ پاراستنی پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا بە تایبەت مەسیحییەکان، رایگەیاندووە، کە ”پەیام و سیاسەتی بارزانی بۆ مەسیحییەکانی کوردستان و عێراق پەیامی دڵنیاکەرەوە و ئومێدبەخشن“.

ئەو کەسایەتییە باڵایەی ئاشوورییەکان سوپاس و پیزانینی کڵێسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری بۆ حکوومەت و گەلی کوردستان گەیاندووەتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پەنادان و لەخۆگرتنی سەدان هەزار ئاوارە و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.

پاتریارک گۆرگیسی سێیەم سڵێوە و شاندە یاوەرەکەی ئاماژەیان بە شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و پیرۆزباییان لە هێزەکانی پێشمەرگە بەبۆنەی سەرکەوتنەکانیان لە دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، کردووە.

لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.












باسنیوز
Top