”گۆڕان خۆپیشاندانەکەی سلێمانی بۆ پڕۆژەیەکی سیاسیی خۆی بەکار دەهێنێت“

 ”گۆڕان خۆپیشاندانەکەی سلێمانی بۆ پڕۆژەیەکی سیاسیی خۆی بەکار دەهێنێت“
بزووتنەوەی گۆڕان، خۆپیشاندانە فراوانەکەی ئەمڕۆ شەممە 12\11\2016ی شاری سلێمانی، بۆ جەختکردنەوە لە پڕۆژەیەکی هاوبەشی خۆی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قۆستەوە و دەوڵەتی یاساش پێشوازی لەو پڕۆژەیە دەکات.



لە میانی خۆپیشاندانەکەی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی کە چوونە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق، ئارام شێخ محەمەد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەی ئاشکرا کرد: ”پێشنیازمان کردووە، لە کاتی چارەسەرنەکردنی کێشەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ئەوەی مووچە بگاتە خەڵکی کوردستان، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو بەوەی نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا بکات، ئەوا حکوومەتی بەغدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاکاندا پەیوەندی بکات، تاوەکوو بەشی مووچەی پارێزگاکان بدرێت“.



ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەحمەد بەدری، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، بە میدیاکانی سەر بە یەکێتی گوتووە: ”یەکێتی و گۆڕان ئەو پێشنیازەیان پێشکەش کردووە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەمە پێویستی بە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان و ڕێککەوتنە لەگەڵ حکوومەتی عێراق“. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە یەکێتی و گۆڕان مافی خۆیانە ئەم پێشنیازە پێشکەش بکەن. دەشڵێت: ”ئێمە وەک دەوڵەتی یاسا، پێشوازی لێ دەکەین و بەهەموو شێوەیەک لەگەڵ پێشنیازەکەداین“.



لە بەرامبەردا، حاکم سەرحان ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ب ڕاگەیاند: ”بەپێی یاسا و دەستووری عێراق، بەهیچ شێوەیەک نابێت حکوومەتی عێراق بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان نەنێرێت. ئەوانەی ئێستا داوا دەکەن بەغدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ سلێمانی مامەڵە بکات، ئایا ئەوانە داوایان کردووە حکوومەتی عێراق یاسا و دەستوور جێبەجێ بکات و مووچە و بودجە بنێرێت؟“. جەختیشی لەوە کردەوە کە داواکارییەکەی یەکێتی و گۆڕان سیاسییە و ”لەدژی یەکڕیزیی هەرێمی کوردستانە“.



لە لایەکی دیکەوە ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکات، ڕاگەیاند: گۆڕان خۆپیشاندانەکەی مامۆستایانی بۆ پڕۆژەی سیاسیی خۆی قۆستەوە“.









باسنیوز
Top