نوێنەری خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند: شاسوار عەبدولواحید فێڵێکی گەورەی لێمان کرد

 نوێنەری خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند: شاسوار عەبدولواحید فێڵێکی گەورەی لێمان کرد
نوێنەرێکی خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند ئاشکرای کرد، ئەو بڕە پارەیەی لەم ماوەیەدا وەک قازانج و دیاری پێیان دەدرێت، قەبوڵ ناکەن و بە ”فێڵێکی بەردەوام“ی لە قەڵەم دا.



ئەمڕۆ شەممە 12\11\2016، نەژاد ڕەشید عەزیز، نوێنەری خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند، ڕاگەیاند: ”بەردەوام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی مافەکانمان لە پڕۆژەی چاڤی لاند بەدەست بهێنینەوە، داوا یاساییەکانمان بە ڕێگاوەیە و ڕۆژانی 23 و 27ی ئەم مانگە دانیشتنی دادگامان هەیە. جگە لەوەی سەرقاڵی سمینارێکین لە هەرێمی کوردستان کە تێیدا ئەوە دەخرێتە ڕوو، ئەگەر پڕۆژەی خاوەن پشک و کەرتی تایبەت بەو شێوەیە بڕوات، هەرێمی کوردستان تووشی نەهامەتی دەبات“.



لەبارەی ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن ئیدارەی پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤی لاند) بۆ وەرگرتنی بڕی 5%ی قازانجەکانیان و 3٪ی ”دیاری“ کە بە شێوەی کارتی یاری پێشکەشیان دەکرێت، ئەو خاوەن پشکە ڕاگەیاند: ”ئێمە بەوە ڕازی نین و پارەکە وەرناگرین، یاداشتمان بە چاودێریی دارایی و مافی مرۆڤ داوە کە زوڵممان لێ دەکرێت“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی کارگێڕیی (چاڤی لاند) پێی گوتوون، قازانجەکەیان 8٪، بەڵام: ”ئەمان هاتوون فێڵمان لێ دەکەن و 5٪ی قازانجەکەمان بە پارە پێ دەدەن و 3٪شیان کردووە بە کارتی یاریی چاڤی لاند و ناوی دیاریشیان لێ ناوە، ئێمە کارتی یاریمان بۆ چیە؟“.



نەژاد ڕەشید ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان بەرپرسیارێتیی کێشەکانیان دەخەنە ئەستۆی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی (نالیا) و گوتی: ”شاسوار عەبدولواحید تا ئەو کاتە پێویستی پێمانبوو کە پارەکانمان بۆی لە بانک خەواند، ئێستا ئیشی پێمان نییە و خۆی دەزانێت چ زوڵمێکی لەو خەڵکە کردووە و ناعەدالەتی کردووە، ڕووی نایەت خەڵکی ببینێت و ناچارە چەند کەسێکی داناوە کە کارەکانی بۆ جێبەجێ دەکەن و پەردەپۆشی بۆ دەکەن“.








باسنیوز
Top