ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایانی سلێمانی کۆتاییان بە بایکۆت هێنا
هەروەک بڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، کە دەوامی خوێندن بە فەرمی دەست پێ دەکاتەوە، ئەمڕۆ شەممە 2016 -11- 12 لە بەشێکی بەرچاو لە قوتابخانەکان مامۆستایان کۆتاییان بە بایکۆت هێنا و چوونەوە هۆڵەکانی خوێندن، هەرچەند هێشتا بەتەواوەتی مامۆستایانی ناڕازی کۆتاییان بەو بایکۆتە نەهێناوە و هێشتا سوورن لەسەر درێژەدان بە بایکۆت و داوای جێبەجێکردنی داخوازییەکانیان دەکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ نوێنەرانی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانەی کە مانیان گرتبوو، کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن.
لە هەندێ قوتابخانە و ناوچەی پارێزگای دهۆکیش کە مامۆستایان مانیان گرتبوو، ئەمڕۆ کۆتاییان بە بایکۆت هێنا و چوونەوە هۆڵەکانی خوێندن و بە فەرمی دەستیان بە دەوام کردەوە.
لە حاڵیکدا لە سلێمانی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕیوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانییەوە بڕیار لەسەر کۆتاییهێنان بە بایکۆت دراوە، بەڵام هێشتا لە کەلار و دەربەندیخان کۆتایی بە بایکۆت نەهێنراوە و مامۆستایان سوورن لەسەر داواکارییەکان و بە گوێرەی زانیارییەکان 92 بەڕێوەبەر ڕایانگەیاندووە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت و حکوومەت بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەیەت، پێکەوە دەست لەکار دەکێشنەوە.
مامۆستایانی ناڕازی داواکارن پێداچوونەوە بە خشتەی مووچەکانیاندا بکرێت و وەک جارانی لێ بکرێتەوە و هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا مووچەیان پێ بدرێت و ئاورێکی جیدی لە پرسی خوێندن و داواکاریی مامۆستایان بدرێتەوە.
باسنیوز
