ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایانی سلێمانی کۆتاییان بە بایکۆت هێنا

ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایانی سلێمانی کۆتاییان بە بایکۆت هێنا
لە حاڵێکدا مامۆستایانی ناڕازیی پارێزگای سلێمانی لە دەوامکردن مانیان گرتبوو، پاش نزیکەی یەک مانگ و نیو ئەمڕۆ شەممە، بەشێک لە مامۆستایان کۆتاییان بە بایکۆت هێنا و دەرگای قوتابخانەکان کرانەوە.



هەروەک بڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، کە دەوامی خوێندن بە فەرمی دەست پێ دەکاتەوە، ئەمڕۆ شەممە 2016 -11- 12 لە بەشێکی بەرچاو لە قوتابخانەکان مامۆستایان کۆتاییان بە بایکۆت هێنا و چوونەوە هۆڵەکانی خوێندن، هەرچەند هێشتا بەتەواوەتی مامۆستایانی ناڕازی کۆتاییان بەو بایکۆتە نەهێناوە و هێشتا سوورن لەسەر درێژەدان بە بایکۆت و داوای جێبەجێکردنی داخوازییەکانیان دەکەن.



بڕیارە ئەمڕۆ نوێنەرانی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانەی کە مانیان گرتبوو، کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن.



لە هەندێ قوتابخانە و ناوچەی پارێزگای دهۆکیش کە مامۆستایان مانیان گرتبوو، ئەمڕۆ کۆتاییان بە بایکۆت هێنا و چوونەوە هۆڵەکانی خوێندن و بە فەرمی دەستیان بە دەوام کردەوە.



لە حاڵیکدا لە سلێمانی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕیوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانییەوە بڕیار لەسەر کۆتاییهێنان بە بایکۆت دراوە، بەڵام هێشتا لە کەلار و دەربەندیخان کۆتایی بە بایکۆت نەهێنراوە و مامۆستایان سوورن لەسەر داواکارییەکان و بە گوێرەی زانیارییەکان 92 بەڕێوەبەر ڕایانگەیاندووە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت و حکوومەت بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەیەت، پێکەوە دەست لەکار دەکێشنەوە.



مامۆستایانی ناڕازی داواکارن پێداچوونەوە بە خشتەی مووچەکانیاندا بکرێت و وەک جارانی لێ بکرێتەوە و هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا مووچەیان پێ بدرێت و ئاورێکی جیدی لە پرسی خوێندن و داواکاریی مامۆستایان بدرێتەوە.









باسنیوز
Top