قاسم سولەیمانی و فەرماندەکانی پەکەکە لە بەغدا کۆ دەبنەوە و شاندێکی حزبەکەی مالیکیش چاوی بە شاندەکەی پەکەکە دەکەوێ
سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکان بە رۆژنامەی (عەرەبی جەدید)ی راگەیاندووە، کە کۆبوونەوەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و فەرماندە سەربازییە باڵاکانی پەکەکە بەشێوەیەکی نافەرمی بووە.
رۆژنامەکە لە زاری ژمارەیەک سەرچاوە لە پەرلەمانی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، کە قاسم سولەیمانی و فەرماندە باڵاکانی پەکەکە لە شارەکانی بەغدا لە عێراق و هەڵەبجە و رانیە لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.
هەروەها پەرلەمانتارێک بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، کە سەرکردەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب لە شاری بەغدا لەگەڵ کادیرێکی باڵای پەکەکە کۆبوونەتەوە و تاوتوێی ”دەرکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان لە شار و چیای شنگال“ کردووە، کە لەلایەن مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستانەوە سەرپەرشتیی دەکرێن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە چەکدارانی پەکەکە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ”لە ئامانج و بیردا“ وەک یەکن و لە ناوچەکانی رۆژئاوای مووسڵدا هەماهەنگیی بەردەوام دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، کە کۆبوونەوەی سولەیمانی و جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)ی لە سلێمانی ئاشکرا کرد، شاندێکی باڵای پەکەکە چووەتە شاری بەغدا و چەند رۆژێکە لە هۆتێل شیراتۆن نەهاتووەتە دەرەوە و بەردەوام شاندی حەشدی شەعبی و حزبی دەعوەی عێراقی بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆمار سەردانی شاندەکە دەکەن.
باسنيوز
