عێراق 23 ملیار دینار بۆ هەولێر دەنێرێت

عێراق 23 ملیار دینار بۆ هەولێر دەنێرێت
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، کە وەزارەتی کۆچ و کۆچپێکراوانی عێراق 23 ملیار دینار بۆ پارێزگای هەولێر دەنێرێت.

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، کە تاوەکو ئێستا وزارەتی کۆچ و کۆچپێکراوان 20 ملیار دیناری بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی مووسڵ لە هەولێر، ناردووەتە پارێزگای هەولێر.

نەوزاد هادی هەروەها رایگەیاند، کە وەزارەتەکە رەزامەندیی لەسەر ناردنی سێ ملیار دیناری دیکەی بۆ پارێزگای هەولێر داوە.

ناردنی ئەو بڕە پارانە بۆ هاوکاریکردن و دابینکردنی خواردن و شوێنی نیشتەجێبوونە بۆ ئەو ئاوارانەی، کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، ئاوارەکانی پارێزگای هەولێر و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دەبن.

دایکی حەسەن، بەخۆی و بە منداڵەکانییەوە ئاوارەی کەمپی حەسەن شام بووە و رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا تەنها دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی کردوون و حکوومەتی عێراق هیچ جۆرە هاوکارییەکی بۆ نەناردوون.

بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنن, بەهۆی شەڕی تائیفیی و هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش، زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە تایبەت هاووڵاتییانی شاری مووسڵ و دەوروبەری، روویان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە.

لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵیش، دەیان هەزار هاووڵاتیی دیکە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و چاوەڕێی ئاوارەبوونی زیاتری هاووڵاتییانیش دەکرێت.

لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.











باسنيوز
Top