پەرلەمانتارێکی یەکێتی داوای مافی پەنابەری لە وڵاتێکی ئەورووپا دەکات

 پەرلەمانتارێکی یەکێتی داوای مافی پەنابەری لە وڵاتێکی ئەورووپا دەکات
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بە فەرمی سەردانی وڵاتێکی ئەورووپا دەکات، بەڵام دواتر پاسپۆرتەکەی دەشارێتەوە و داوای مافی پەنابەری لەو وڵاتە دەکات.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەست کەوتووە، گۆران ئازاد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە شێوەیەکی فەرمی سەردانی (ئیتاڵیا)ی کردووە و دواتر پاسپۆرتەکەی شاردووەتەوە و خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە و داوای مافی پەنابەری لەو وڵاتە کردووە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دەزگا ئەمنییەکانی ئیتاڵیا گومانیان لە گۆران ئازاد، پەرلەمانتاری یەکێتی کردووە، بۆیە لە کاتی پشکنیندا، پاسپۆرتەکەیان ”لەنێو گۆرەوییەکانیدا“ دۆزیوەتەوە، بەو هۆیەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ڕایانگرتووە.

لەمبارەیەوە شوان شێخ ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە لێژنەی یاسایی، ڕایگەیاند: ”لە هەر خولێکی پەرلەماندا، سەرۆکایەتیی پەرلەمان تەنها دەتوانێت 15 ڕۆژ مۆڵەت بە پەرلەمانتار بدات، ئەگەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان داوای پەنابەرێتیش لە وڵاتێکی دیکە بکات، ئەوا مافی لادانی هەیە“. ڕوونیشی کردەوە: ”ئەگەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە هەبێت، لەبەر ئەوەی ئێستا دۆخی پەرلەمان بەو شێوەیەیە، هەر کاتێک پەرلەمان کاراکرایەوە، دەبێت دەنگی لەسەر بدرێت و ئەندامێتیی پەرلەمانی لێ وەربگیرێتەوە“. گوتیشی: ”ئەگەر پەرلەمانتار پەنای بردە بەر ڕێگەیەک کە لە دەرەوەی ڕێنماییەکانی پەرلەمان بوو، ئەو کاتە پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکی تایبەتدا بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران، دەتوانێت ڕێکاری تایبەتی بەرامبەر بگیرێتە بەر“.

لەلایەن خۆشیەوە، سەرکەوت سەرحەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “من نەمزانیوە شتێکی لەم شێوەیە ڕووی دابێت، ئەگەریش هەبێت، ئەوا فراکسیۆنی یەکێتی و پەرلەمان ڕێوشوێنی لەبەرامبەر دەگرنە بەر”.

هەر سەبارەت بە دۆسیەی گۆران ئازاد و داواکردنی مافی پەنابەری لە ئیتاڵیا، سەرچاوەیەک لەنێو پەرلەمانی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: “زانیارییەکی لەو شێوەیەمان هەیە و چەند ڕۆژێکە ئەو بابەتە لەنێو پەرلەماندا باس دەکرێت، ڕەنگە کەسانی دیکەشی لەگەڵدا بێت”.






باسنیوز
Top