نەوشیروان مستەفا ناوەندەکانی بڕیاردان لەناو گۆڕان سنووردار دەکات

 نەوشیروان مستەفا ناوەندەکانی بڕیاردان لەناو گۆڕان سنووردار دەکات
نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، فەرمانێک ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات کە تێیدا دەسەڵاتەکانی بڕیاردان تەنیا بۆ دوو دامەزراوەی گۆڕان هێڵدراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لایەنگرانی گۆڕان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاویان کردووەتەوە، نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، نامەیەکی بۆ هەردوو جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی گۆڕان ناردووە و تێیدا بڕیاری داوە: “تەنیا ناوەندی بڕیاردان لەناو گۆڕاندا ئەو دوو دامەزراوەیەن و هەر کۆبوونەوە و دانیشتنێکی دیکە لەناو گۆڕاندا بکرێت، تەنیا کاری ڕاوێژکاری دەبێت”.

هەندێک لە چاودێران باس لەوە دەکەن کە ئەم بڕیارەی نەوشیروان مستەفا، سنووردارکردن و بچووککردنەوەی ناوەندەکانی بڕیارە لەنێو گۆڕاندا و پێیانوایە کە نەوشیروان مستەفا دەیەوێت سەرجەم دەسەڵاتەکان لەدەستی خۆی و هەردوو جڤاتەکە کۆبکاتەوە.

لەمبارەیەشەوە کاروان ساڵح، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئەو هەوڵەی نەوشیروان مستەفا لە ڕوانگەی ئەو ترسەوەیە کە ئێستا لەناو یەکێتیدا هەیە و نەوشیروان مستەفا دەترسێت لە دووری خۆی، بڕیاری گۆڕان بکەوێتە دەست کەسانێک کە لەناو گۆڕاندان و خۆی متمانەی پێیان نییە”.











باسنيوز
Top