له باشیك؛ پێشمه‌رگه‌ كوژرانی‌ 12 چه‌كداری‌ داعشی‌ راگه‌یاند

 له باشیك؛ پێشمه‌رگه‌ كوژرانی‌ 12 چه‌كداری‌ داعشی‌ راگه‌یاند
هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان ئه‌مڕۆ كوژرانی‌ 12 چه‌كداری‌ داعش له‌ ناحیه‌ی‌ باشیك له‌ باكوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ موسڵ راگه‌یاند، دوای‌ سێ رۆژ له‌ ئازادكردنی‌ ناحیه‌كه‌.

به‌وته‌ی دوو‌ فه‌رمانده‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ باشیك بۆ خه‌ندان، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ داعش هه‌وڵیانداوه‌ له‌ باشیكه‌وه‌ به‌ره‌و موسڵ هه‌ڵبێن و له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ كوژراون، هه‌روه‌ها چوار چه‌كداری‌ دیكه‌ی‌ داعش خۆیان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌.

لیوا به‌هرام عه‌لی یاسین، فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌باشیك گوتی ئه‌مڕۆ 16 چه‌كداری داعش ویستویانه‌ له‌ناو باشیك رزگاریان ببێت و بڕۆن به‌ره‌و موسڵ، پێشمه‌رگه‌ش رووبه‌رویان بونه‌ته‌وه‌، له‌ئێستادا ته‌رمی هه‌موویان له‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دایه‌".

وتیشی "كاتژمێر 3:30 خوله‌كی به‌یانی تاوه‌كو كاتژمێر 6ی به‌یانی شه‌ڕ به‌رده‌وام بووه‌و 12 چه‌كداریان له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ كوژراون كاتێك روبه‌ڕویان بونه‌ته‌وه‌، چوار چه‌كداری تریشیان خۆیان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌".

به‌وته‌ی‌ لیوا به‌هرام، ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ناو باخ و تونێله‌كانی باشیكدا خۆیان حه‌شارداوه‌و ویستویانه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ موسڵ، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ روبه‌روویان بونه‌ته‌وه‌، هه‌مویان چه‌كی سوكیان پێبووه‌و ویستویانه‌ له‌نزیك مه‌فره‌قی ده‌رهاویش-ه‌وه‌ بڕۆن بۆ موسڵ، به‌ڵام هێزه‌كانی لیوای 7ی پێشمه‌رگه‌ رووبه‌ڕویان بونه‌ته‌وه‌.








خه‌ندان
Top