حەمید دەربەندی: داوا لە پەیەدە دەکەین بگەڕێنەوە بۆ واقعی ڕۆژئاوا

   	 	 حەمید دەربەندی: داوا لە پەیەدە دەکەین بگەڕێنەوە بۆ واقعی ڕۆژئاوا
(حەمید دەربەندی) دەڵێ، بۆ هاوكاریی ڕۆژئاوای كوردستان زۆر شت كراوه‌، ده‌شڵێ، لایەنێک ناتوانێت بە تەنیا خۆی بسەپێنێت بەسەر پارچەیەکی کوردستاندا و دەسەڵاتی خۆی بەسەر لایەنەکاندا تاقی بکاتەوە.


(حەمید دەربەندی) كه‌ نوێنەری (سەرۆک بارزانی)یه‌ بۆ کاروباری ڕۆژئاوای کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: (سه‌رۆك بارزانی) نەک دەرفەتی زێڕینی داوە بە ڕۆژئاوای کوردستان بەڵکو زۆر جار لەگەڵ لایەنەکان هەوڵی داوە بە هەموو لایەکەوە ئەو دەرفەتە مێژووییە لەدەست نەدەن، ئەوانیش پشتیوانیی خۆیان دووپات کردووەتەوە کە دەبێت یەکگرتوو بن و دۆست بن بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە مێژووییە لەدەست نەدرێت، بەڵام بەداخەوە چەندین جار دانیشتن لەگەڵ لایەنەکان کراوە بە تایبەت برادەرانی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە).''

(ده‌ربه‌ندی) ده‌ڵێ، ''من شایەتی ڕێککەوتنی هەولێر یەک و دوو دهۆک و سەلاحەدین دەدەم کە چۆن ڕێککەوتن کرا و هێشتا باس نەکراوە''، گوتیشی "لەو ڕێککەوتنەدا (لەیلا زانا) و (عوسمان بایدەمیر) بەشدار بوون، (سه‌رۆك بارزانی) ڕاشکاوانە باسی کرد کە هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و، لە دانیشتنەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتە عەرەبەکان و ئەمەریکایش داوای هاوکاریی کردووە بۆ ڕۆژاوای کوردستان، هەرئەوەش بوو کە لە دەرئەنجامی دانوستانی (سه‌رۆك بارزانی) لەگەڵ ئەمەریکا یەکەم شاندی چەک نێردرا بۆ کۆبانێ، پێشمەرگە چووە کۆبانێ، زۆر هاوکاری کراوە کە پێویست بە باسکردن ناکات و ئێمە سنوورمان بۆ کردنەوەی دەرگای سنوورەکانی خۆمان بە فرگه‌كانەوە بۆ واڵاکردن، چەندین دانیشتن و کۆبوونەوەمان لەگەڵ کردوون و کۆبوونەوەمان لەگەڵ کۆنسووڵی وڵاتان بۆ ڕەخساندوون و دانیشتنیان لەگەڵ کردن، بەهەمووشێوەیەک هاوکاری کراون؛ جار لەدوای جار ئاگادار کراونەتەوە کە حەیفە ئەو هەلەی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان خوڵقاوە لەدەست بدرێت".

نوێنەری (سەرۆک بارزانی) بۆ کاروباری ڕۆژئاوای کوردستان گوتیشی: "ڕاشکاوانە بە پەیەدەمان گوت، لایەنێک ناتوانێت بەتەنیا ئەو بارە گرانەی پارچەیەکی کوردستان لە شان بگرێت، حزبێک ناتوانێت خۆی بکات بە ئەمری واقع و لایەنەکانی دیکە ڕه‌ت بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە دیارە ئەوان سوورن لەسەر سیاسەتی خۆیان؛ ئێستایش بە بۆچوونی من وەک بەرپرسی دۆسیەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕاستە شتەکە ئاوایە، بەڵام زیان لە نیوە بگەڕێتەوە باشترە، پێمان باشترە ئەوان بگەڕێنەوە سەر ئەو ڕێککەوتنانەی کراون لە نێوانیاندا، بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ و هاوکاریی لایەنەکانی دیکە، ئەگەر ئەوە بکرێت، (سه‌رۆك بارزانی) زیاتر هاوکارییان دەکات".
Kdp-
Top