وەزارەتی خوێندنی باڵا، کردنەوەی دوو زانکۆى تایبەت بە خوێندنی پیشەیی و زانستە کردارەکییەکانی راگەیاند

   	 	 وەزارەتی خوێندنی باڵا، کردنەوەی دوو زانکۆى تایبەت بە خوێندنی پیشەیی و زانستە کردارەکییەکانی راگەیاند
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردنەوەی دوو زانکۆى تایبەت بە خوێندنی پیشەیی و زانستە کردارەکییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سلێمانى راگەیاند.

وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاندووە، ئەم بڕیارەیان لەپێناو دروستکردنى نەوەیەکى نوێیە لە زانکۆکان و بەمەبەستى بەستنەوەى ڕاستەوخۆى خوێندنە بە بازاڕى کار و رەخساندنى هەلى کار و دروستکردنى پیشەیە بۆ خوێندکاران و هاووڵاتیان، بۆ ئەوەى بتوانن بەشێوەیەکى سەردەمیانە ببنە خاوەن پیشە و کارى سەردەمیانە و بە بەرزترین کوالێتى.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە راگەیێندراوێکیدا کە وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە جەخت دەکاتەوە لەوەی کە، وەزارەتەکە لەئێستادا بڕیارى داوە دەرگایەکى نوێ بۆ پەرەسەندنى خوێندنى پیشەیى و زانستى کردارەکى لە کوردستان بکاتەوە. "بۆ ئەم مەبەستە ڕایدەگەیەنین کە بە نیازین دوو زانکۆى تایبەتى پیشەیی و زانستە کردارەکییەکان لە سنوورى هەردوو پارێزگاى هەولێر و سلێمانى بکەینەوە."

وەزارەت داوایش لە وەبەرهێنەران دەکات، ئەوانەى تواناى زانستى و دارایىیان هەیە و، ئارەزوو دەکەن بەشدار بن لە دامەزراندنى ئەم دوو پڕۆژەیەدا، پێویستە پرۆپۆزەڵى تایبەت بۆ دیوانى وەزارەتەکەیان تاکو) 20/ 11/(2016 پێشکەش بکەن.

مەرج و خاڵەکان:
• زانکۆکە تایبەت دەبێت بە زانستى کردارەکى و پیشەیى و، تەنها ئەم بوارانە دەگرێتەوە.
• خوێندن لەو زانکۆیە لەنێوان (٢-٤) ساڵ دەبێ بەپێى سیستم و بڕوانامە.
• پەیڕەوى سیستەمى خوێندنى پیشەیى سەردەمیانە، بەتایبەت ئەڵمانى – ئەمریکى بکات.
• پێویستە لەماوەیەکى دیاریکراو سەرجەم پێداویستیەکانى تایبەت بە تاقیگەو وەرشەکان دابین بکات.
• دامەزراوەکە گرنگى تایبەت دەدات بە زانستەکانى( IT، ئەندازیارىPetroleum ، ئەندازیارى کۆمپیوتەر، تەکنەلۆجیاى هێڵکارى ... ، بزنس و کارە پیشەییەکان).
• دامەزراوەکە بە سیستمى کۆکردنەوەى خاڵ (Credit) كار دەکات، کە هاوشانە لەگەڵ سیستمى بەخشینى خاڵ (Credit)ى ئەوروپى (ECTS) و سیستمى ئەمریکى.
• ئەم دامەزراوە کاردەکات بە سیستمى بەخشینى خاڵ، هەروەها هاوتاکردن و چەسپاندنى خاڵ و گواستنەوەو کۆکردنەوەى لەماوەى (٢–٤) ساڵ، بەجۆرێک لەگەڵ سیستمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بگونجێت.

گرنگە کەسى جێبەجێکار:
• خاوەن بڕوانامەى دکتۆرا بێت لە بابەتەکانى زانستى کردارەکى و پیشەیى.
• ئەزمونى باشى لە سیستمى وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتە پێشکەوتوەکانى هەبێت.
• ئەزمونى باشى لە سیستمى خوێندنى باڵاى هەرێم هەبێت.
kdp-
Top