پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمەریکا
"مەسعود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆماری ئەمەریکا پیرۆزبایی له "دۆناڵد ترامپ" کرد.
ئەمەش دەقی پیرۆزباییەکەیه:
"زۆر بەڕێز دۆناڵد ترەمپ
بەناوی خۆم و گەلی کوردستانەوە پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە دەکەین بەبۆنەی ھەڵبژاردنتان وەک سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
ھیوادارم لەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییە گرنگ و تازەتان سەرکەوتوو بن. گەلی کوردستان ماوەیەکی درێژە کەوتووەتە بەر زوڵمێکی زۆر و ناچار بووین لەپێناو پاراستنی پێناسەی نەتەوەیی خۆمان و لەپێناو ئازادیدا خەبات بکەین. ئێستایش لە شەڕێکی قورس و گەورەداین لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی جیھانییە و لەو ڕێگەیەیشدا قوربانیی زۆرمان داوە.
سوپاسی گەل و حکوومەتی ئەمەریکا دەکەین بۆ ئەو یارمەتی و پشتیوانییەی بە ئێمەیان داوە لەم شەڕەی دژی تیرۆریستان، کە بێگومان ئەوانە دژی بنەماکانی مرۆڤایەتی و ئازادین لە جیھاندا. ھیواخوازین ئەو یارمەتی و ھاوپەیمانییەمان لە ئاییندەدا زیاتر بەردەوام و پتەوتر بێت. گەلی کوردستان چاوەڕوانی پشتیوانییەکی تەواو لە جەنابتان دەکات بۆ بەدیھێنانی مافە ڕەواکانی.
جارێکی تر پیرۆزبایی خۆمانتان پێشکەش دەکەین و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین."
Payamner-
