مەڵبەند و ئاسایشی یەکێتی لە کەرکووک بە کوشتنی دوو گەنجی شارەکە تۆمەتبار دەکرێن
عەقید فەرھاد، ئەفسەری باڵا لە ئاسایشی کەرکووک، ڕایگەیاند: "شەھیدکردنی بارزان محەمەد، لە ماوەی ڕابردوودا، ھاووڵاتییەکی مەسیحیش لە ھەفتەی ڕابردوو لە شاری کەرکووک، خەڵکی شارەکەی نیگەران کردووە، بۆیە داوا دەکەین بۆشایی ئەمنی لەشارەکە پڕ بکرێتەوە".
ئەو ئەفسەرەی ئاسایش ئەوەشی خستەڕوو: "ناکرێت ئەم کوشتنانە ھەبێت، کەچی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە نەکرێت، چونکە ئەمە سەردەکێشێت بۆ شتی دیکە و دەبێت ڕوونکردنەوەی لە بارەوە بدرێت".
باسیشی لەوە کردووە کە ”ئەمڕۆ ھاووڵاتییانی مەدەنی دەکرێنە قوربانی، سبەی کەس نازانێت چی ڕوودەدات؟ بۆیە دەبێت کار بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییە بکرێت و ھەموو لایەک خۆیان بە بەرپرسیار بزانن".
پێشتر محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕایگەیاندبوو، گەنجێکی مەسیحی بەهۆی ئەوەی تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ بووە، پاسەوانەکانی بەردەم بارەگای مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی تەقەیان لێی کردووە و کوشتوویانە.
پێشتر، لە مانگی 7ی ئەمساڵدا، گەنجێکی کەرکووک بە ناوی بارزان محەمەد ڕەحیم کە دوو تاتۆی نووسینی ناوی بارزانی لەسەر جەستەی بوو، دوای ئەوەی لەلایەن ئاسایشی یەکێتییەوە بانگ کرا، تەرمەکەی لە کەرکووک دۆزرایەوە کە شوێنەواری ئەشکەنجەیەکی زۆری پێوەدیار بوو. ئەوکاتە بەرپرسێکی ئاسایشی یەکێتی لە کەرکووک ڕایگەیاند: ”بارزان کەسێکی بکوژ بووە، ئێمە بانگمان کرد، بەڵام کە هات، بینیمان کەسێکی تریاکییە و سەرخۆشە، بۆیە ئازادمان کرد“. بەو هۆیەشەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گومانەکان زیاتر بوون لەوەی مادام ئەو کەسە لەلایەکەوە بە بکوژی ناو دەهێنن و بە کێشانی تریاکیش تۆمەتباری دەکەن، چۆن ئازاد کراوە؟
وێنەکانی خوارەوە وێنەی بارزان محەمەدن کە ئاسایشی یەکێتی لە کەرکووک بە کوشتنی تۆمەتبارە.
باسنیوز
