پرۆسەی خوێندن لە چەند بەش و كۆلێژێكی زانكۆی گەرمیان دەست پێ دەکات
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی زانكۆی گەرمیان، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 2016 -11-9 بڵاو کراوەتەوە "ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو 2016 -11- 13 پرۆسەی خوێندن لە كۆلێژی زمان و زانستە مۆڤایەتییەكانی خانەقین و كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتیی ئێواران دەست پێ دەكاتەوە".
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "داوا لە سەرجەم مامۆستایان و خوێندكارانی گشت بەشەكانی كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی دەكەین بۆ دەستپێكردنەوەی وەرزی خوێندنی ئەمساڵ پەیوەندی بكەن بە بەشەكانیانەوە".
سەرۆكایەتیی زانكۆی گەرمیان جەختی كردووەتەوە "سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی دەوام لە بەشەكانی فیزیا، كیمیا، بایەلۆجی، عەرەبی، مێژووی سەر بە كۆلێژی پەروەردە ئامادەكارییەكان لە هەفتەی داهاتووەوە دەست پێدەكات و ڕۆژانەش لە هەر بەش و كۆلێژێك بڕیاری دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بدرێت لەڕێگەی ماڵپەڕ و پەیجی فەرمیی زانكۆی گەرمیانەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك خوێندكارانیان لێ ئاگادار دەكرێتەوە".
باسنیوز
