گۆڕان و یەکێتی هەوڵێکی نوێ بۆ مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ سلێمانی دەدەن

 گۆڕان و یەکێتی هەوڵێکی نوێ بۆ مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ سلێمانی دەدەن
هەوڵێکی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی بۆ مامەڵەکردنی بەغدا بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سلێمانی ئاشکرا دەبێت و پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت: "ئەم هەوڵە لەلایەن مالیکییەوە پشتیوانی لێ کراوە".

هۆشیار عەبدوڵا، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: "لە دەست پێکی گفتوگۆکانی بودجەدا، داوام کرد لە حاڵەتی پابەندنەبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستا بە ڕێککەوتنی نێوانیان لەگەڵ حکوومەتی ئیتحادی، پارێزگاکان بتوانن لە ڕێگەی حکوومەتی خۆجێییەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکەن، حکوومەتی ئیتیحادیش بتوانێت ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات”.

لە بەرامبەردا، عوسمان تاهیر حاجی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “ئاگاداری بابەتێکی لەو شێوەیەین لەلایەن یەکێتی و گۆڕانەوە لە لێژنەی دارایی پێشنیاز کراوە، ئێستاش جووڵەیان تێکەوتووە بۆ دروستکردنی پشتیوانی، بەڵام هەوڵەکانیان سەرناگرێت، چونکە رێگای پەیوەندیی فەرمی لەمبارەیەوە هەولێر و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەو هەوڵانەش بۆ خراپکردنی دۆخی هەرێمی کوردستانە”.

بە بروای ئەو پەرلەمانتارە، هەوڵەکانی گۆڕان لە بەغدا خزمەتی هەرێمی کوردستان ناکات و سەرناگرێت، چونکە “لەگەڵ ویستی خەڵک یەک ناگرێتەوە".

عوسمان تاهیر حاجی ئەوەشی ئاشکرا کرد: "تائێستا دەوڵەتی یاسا و مالیکی بەدەم ئەو داواکارییەوە هاتوون و هەردوو گۆڕان و یەکێتی بەردەوامن لە هەوڵەکانیان، بەڵام پێیان دەڵێین کە هەوڵەکانیان بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی سەرناگرێت، چونکە ئەگەر حکوومەتی عێراق ڕێگا چارەسەری هەبێت، لە ڕێگای حکوومەتەوە دەیکات، نەک حزب و لایەن".











باسنیوز
Top