بەتوندی وەڵامی هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد درایەوە
دکتۆر لەتیف ڕەشید، وەزیری پێشووی سەرچاوە ئاوییەکانی حکوومەتی عێراق کە هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خوشکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە و بە عەقڵی تەگبیرکەری یەکێتی دادەندرێت، لە ڕۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی عێراقی، گوتارێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: "حکومەتی عێراق باش دەزانێت، هەندێک لایەن نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا ناکەن و بەگوێرەی دەستووری عێراق مامەڵە ناکەن، بۆیە بەو پێیەی کەرکووک هێشتا پارێزگایەکی سەر بە حکوومەتی عێراقە، پێویستە فرۆشتنی نەوتەکەی لەدەست حکوومەتی ناوەندیدا بێت و پتڕۆدۆلاری پارێزگاکەش، بۆ خۆشیی خەڵکی پارێزگاکە خەرجب کرێت".
لە بەرامبەردا، موحسین سەعدوون، سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: “قسەکانی لەتیف ڕەشید هیچ پێوەرێکی یاسایی نییە و رەتی دەکەینەوە، قسەکانی لە ڕوانگەی سیاسی و بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیەوەیەتی”.
جەختیشی لەوە کردەوە: “نەوتی خۆمان لەژێر دەستی خۆمان بێت، تۆ بێیت و بتەوێت بەزۆر بیدەیتە دەست حکوومەتێکی دیکە، دەبێت چ شتێک لەژێر سەری ئەمەدا هەبێت؟".
ئاماژەشی بەوە کرد کە ئێستا ڕێککەوتن لە نێوان بەغدا و هەولێر کراوە بۆ ئەوەی ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکەوە بە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بدرێت، بۆیە دەڵێت: “هەر هەوڵێک لە دەرەوەی ئەو ڕێککەوتنە بۆ دەست بەسەراگرتنی نەوتی کەرکووک، ڕەت دەکەینەوە”.
لەتیف ڕەشید، هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پێشتر بەوە تۆمەتبار کراوە کە پێشنیازی بۆ نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق کردووە، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببڕێت کە دواتر قەیرانێکی گەورەی ئابووری بەدوای خۆیدا هێنا.
باسنیوز
