سەرۆکی ھەرێم و ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق ئۆپەڕاسیۆنی مووسڵیان تاوتوێ کرد
ئەمڕۆ "مەسعود بارزانی" سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە "فاڵح فەیاز" ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا قۆناغەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ و پێشڕەوی و سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی سوپای عێراق لە میحوەرەکانی باکوور و ڕۆژھەڵات و باشووری موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەختیش لە ھەماھەنگیی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی سوپای عێراق و پابەندبوونیان بە پیادەکردنی قۆناغەکانی پلانەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ کرایەوە.
ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بارودۆخی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
Payamner-
