ئێستا گوتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی وەزارەتی ئەوقاف
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، چاوی گەلی کورد و پێشمەرگە لەسەر مامۆستایانی ئایینییە بۆ بنبڕکردنی بیری تووندڕەوی و نایانەوێت شەڕی تائیفی و مەزهەبی لە کوردستان رووبدات. جەختیشیكردەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە دراوسێکانی بێ کێشە بن.
رۆژی سێشەممە 8-11-2016، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسی ئایینی وەزارەتی ئەوقاف لە شاری هەولێر، گوتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکی گونجاودایە و تەکفیرکردن و رەتکردنەوەی یەکدی لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێمە یەکناگرێتەوە.
شەڕی داعش تەوەرێكی سەرەكی گوتارەكەی نێچیرڤان بارزانی بوو و رایگەیاند "پێشمەرگە خاوەن ئاکارێکی بەرزە، ئازایەتی گەورەی نواندووە بۆ تێکشکاندنی داعش و هەموو کەمە نەتەوەکانی کوردستان و سنوورەکانی دیکەش دەپارێزێت". گوتیشی "پاراستنی پێکەوەژیان زامنی پشتیوانی نێودەوڵەتیمان بۆ دەکات".
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە گوتاری مامۆستایانی ئایینی كرد و گوتی "نابێ مینبەری مزگەوتەکان بۆ بڵاوکردنەوەی بیری تووندوتیژی بەکار بهێندرێت و، رێگەپێدراو نییە هیچ حیزبێک مینبەری مزگەوتەکان بۆ مەرامی حیزبی بەکار بهێنێت".
هەروەها گوتی "چاوی گەلی کورد و پێشمەرگە لە مامۆستایانی ئایینییە بۆ بنبڕکردنی بیری تووندڕەوی، تووندوتیژی لە وڵاتانی ناوچەکە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس و ئاوارەبوون هەزاران کەس، نامانەوێت شەڕی تائیفی و مەزهەبی لە کوردستان رووبدات".
زانیاری زۆرتر...
