گۆڕان لە رازیکردنی یەکێتی و کۆمەڵ شکست دەهێنێت و لە حکوومەت دەکشێتەوە و لە پەرلەمان و پارێزگاکاندا دەمێنێتەوە
دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە رازیکردنی یەکێتی و کۆمەڵی ئیسلامیدا سەرکەوتوو نەبوو، لە پرسی کشانەوەیان لە پڕۆسەی سیاسی، بڕیاری داوە ئەو پرسە بەتەنیا لەناوخۆی بزووتنەوەکەی تاوتوێ بکات، سەرەتاش لەنێو جڤاتی گشتیی گۆڕاندا، تا رووبەڕووی رەخنەی ناوخۆیی نەبێتەوە، لەم سۆنگەیەوە رۆژی یەکشەممەی رابردوو، جڤاتی گشتییەکەی سێ پێشنیاری لەوبارەیەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی ئامادە کرد.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، لەو کۆبوونەوەیەی یەکشەممەی رابردووی جڤاتی گشتیی گۆڕاندا، سێ پێشنیاز لەبارەی کشانەوەی گۆڕان لە حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کراون، کە لە کۆبوونەوەی ١٠ی مانگ، رۆژی پێنجشەممەی داھاتوودا بڕیاریان لەبارەوە دەدرێ.
سەرچاوەکە لەبارەی سێ پێشنیازەکەوە رای گەیاند، یەکەمیان کە لایەنگری زۆری ھەیە و سەرکردە باڵاکانی گۆڕان بە نەوشیروان مستەفاوە پشتیوانیی دەکەن، ئەوەیە گۆڕان تەنیا لە حکوومەت بکشێتەوە، بەھۆی ئەوەی لە ئێستا ھیچ رۆڵێکی نەماوە و چوار وەزیرەکەی رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، ئەو بۆچوونە لەگەڵ ئەوەیە کە گۆڕان سوور بێت لەسەر گەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، تا نەگوترێ گۆڕان تەسلیم بە ئیرادەی پارتی بووە، بە بڕیاری کشانەوەشی لە حکوومەت لە فشاری ئەندامان و لایەنگرانی خۆی دەردەچێت.
پێشنیازی دووەم ئەوەیە کە لە حکوومەت و پەرلەمان و حکوومەتە خۆجێییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجەش بکشێتەوە، بەشێوەیەک دەوری ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک ببینێت، بەڵام لایەنگرانی ئەو بۆچوونە کەم بوون، چونکە پێیان وابووە ئەگەر گۆڕان ئەوە بکات پەرلەمان کارا دەبێتەوە و سێ لایەنە سیاسییەکەی دیکەش (یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی) دەستکراوەتر دەکات لەگەڵ پارتی بۆ رێککەوتنێکی نوێ بۆ وەرگرتنی پۆستەکانی گۆڕان، ئەگەری زۆریش ئەوەیە پارتی پێشنیازی نوێ بۆ لایەنە سیاسییەکانی دیکە سەبارەت بە پۆستەکانی پەرلەمان و حکوومەت بخاتە ڕوو، ئەگەر ئەوەش سەر بگرێت، ئیدی وا دەردەکەوێ کە کارانەبوونەوەی پەرلەمان و ئەو دۆخەی ھەبووە بەھۆی گۆڕانەوە بووە.
پێشنیازی سێیەم ئەوەیە، گۆڕان تەنیا لە حکوومەتە خۆجێییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجەدا بمێنێتەوە و حکوومەت و پەرلەمان بەجێ بھێڵێت، بۆ ئەوەی تۆمەتبار نەکرێ بەوەی لەم دۆخەدا لە بەرپرسیاریەتیی ئەو ناوچانە رایکردووە کە جێپێگەی خۆیەتی، ئەو بۆچوونەشیان وەکو ئەوەی دووەم لایەنگری کەم بووە.
فەرحان جەوھەر، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاند، گۆڕان دەیەوێ فێڵی سیاسی بکات و لە حکوومەت بکشێتەوە و لە پەرلەمان و حکوومەتە خۆجێییەکان بمێنێتەوە، بەوەش چاوی لایەنگر و ئەندامەکانی بگرێت و پێیان بڵێت ئەوە کشاومەتەوە، بەڵام لە رووی ئیمتیازی حکوومەتەوە ھەر وەکو خۆی بمێنێتەوە و دۆخی پەرلەمانیش چارەسەر نەبێت، گوتی: "گۆڕان دەبێ لە حکوومەت و پەرلەمان و حکوومەتە خۆجێییەکان بکشێتەوە، چونکە ھەموو ئەوانەی بە یەک پاکێج پێ دراوە، ئەگەر نا کشانەوەکەی قبوڵ ناکرێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە ھیچ وڵاتێکی دونیادا نییە، ھێزێک لە حکوومەت نەبێت و لە حکوومەتی خۆجێیدا ھەبێت، گوتی: "ئۆپۆزسیۆن دەبێ بۆ ھەمووی ئۆپۆزسیۆن بێت، نەک بەیانیان لێی بخوات و ئێواران بەردی تێ بھاوێت".
بەڵام کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان بۆ میدیا ناوخۆییەکان رای گەیاندووە، ئێستا ناتوانن زۆرینە دیاری بکەین کە چییان پێ باشە، چونکە، لە کۆی ٦٧ ئەندامی جڤاتی گشتی ٢٥ ئەندامیان بۆچوونەکانی خۆیان خستووەتە ڕوو، لەو ژمارەیەش بەشێکی لەگەڵ ئەوە بوون گۆڕان بمێنێتەوە، بۆیە پێشنیارەکان دەدرێنە جڤاتی نیشتمانی تا دەنگی لەسەر بدرێت".
ھاوکات بەھار مەحموود، پەرلەمانتار و ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاند، مانەوەی گۆڕان لە حکوومەت و پەرلەمان تەنیا لەبەر ئەوە بووە ئیرادەی ئەو ھێزەی کە پەرلەمانی داخستووە و رێگریی لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە و وەزیرەکانی گۆڕانی ناردووەتەوە، سەرنەکەوێ بەسەریدا، ئەگەر نا بە فعلی گۆڕان لە حکوومەت نەماوە.
لای خۆشیانەوە شاڵاو عەلی عەسکەری، وتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەکێتی رای گەیاند، تا گۆڕان بڕیاری خۆی نەدا، ئەوان ھەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو پرسە راناگەیەنن، گوتی: "ناوەندی بڕیاری یەکێتی پێی باشە لەم قۆناغەدا کە خەڵکی کوردستان دۆخی ئابووریی خراپە، ھەمووان بەیەکەوە رێک بکەون و چارەسەر بۆ دۆخەکە بدۆزنەوە".
سەرکردەیەکی کۆمەڵی ئیسلامییش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رای گەیاند، کۆمەڵی ئیسلامی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و خۆی نەبەستووەتەوە بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە.
باسنيوز
