فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێم راگەیەندراوێكی لەسەر ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆی باشیك بڵاوكردەوە
فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی لەسەر هێرشەكانی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگە لەناحیەی باشیك بڵاوكردەوەو رایگەیاند لەو ئۆپەراسیۆنەدا هێزەكانی هاوپەیمانان 14 هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوەو ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقێنراوەتەوە.
ئۆپەراسیۆنەكە لەكاتژمێر 6ی بەیانی ئەمڕۆ دەستیپێكردووەو هێزەكانی پێشمەرگە لە سێ قۆڵەوە هێرشێكی بەرفراوانیان ئەنجامدا بۆ پاككردنەوەی ناحیەی باشیك، ئەوەش دوای پڕۆسە سەركەوتووەكانی پێشترە، كە لە سێ هەفتەی رابردوودا لە ناوچەكانی دەوروبەری باشیك ئەنجام دران.
"تا كاتژمێر 17:00ی هەمان رۆژ، هێزەكانی پێشمەرگە توانییان لە هەر سێ قۆڵەوە بچنە نێو شارۆچكەی باشیك و، دەست بكەن بە پاككردنەوەی ماڵ بە ماڵی شارۆچكەكە لە تیرۆریستان. لەو ئۆپەراسیۆنەدا كە هێزەكانی هاوپەیمانان 14 هێرشی ئاسمانییان ئەنجامدا، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقێنرایەوە" فەرماندەیی گشتی هێزەچەكدارەكانی هەرێم وادەڵێت.
پێشتریش لیوا ئەسكەندەر هەركی فەرماندەی پێشمەرگە لە حەرەكاتی زێرەڤانی لەباشیكەوە بەخەندانی وت "هەموو ناحیەكە بەتەواوی كۆنتڕۆڵكراوەتەوە، بەڵام جار جار تەقە دەكرێت".
وتیشی "ئێستا هێزەكان سەرقاڵی پاككردنەوەی سەرجەم كوچەو كۆڵانەكانن، بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە كە هیچ چەكدارێكی لێ نەماوە".
بەوتەی لیوا ئەسكەندەر، داعش لەشەڕی ئەمڕۆدا بە قەناسو خۆكوژ شەڕیكردووە.
كۆنتڕۆڵكردنەوەی باشیك دوای 15 رۆژهات لە گەمارۆدانی ناحیەكە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵدا كە 17ی مانگی رابردوو دەستیپێكرد، ئەوەش وەكو قۆناغی یەكەمی ئازادكردنی ئەو شارە كە دووەم گەورەترین شاری عیراقەو لەناوەڕاستی ساڵی 2014ەوە كەوتۆتە دەست داعش.
xANDAN-
