گوتەبێژی هاوپەیمانان نزیکەی 3 بۆ 4 هەزار داعش لەنێو موسڵ هەن

گوتەبێژی هاوپەیمانان  نزیکەی 3 بۆ 4 هەزار داعش لەنێو موسڵ هەن
گوتەبێژی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەمریکا بە دەستکەوتەکانی پێشمەرگە دڵخۆشە و هاوئاهەنگی نێوان هێزەکان هۆکاری سەرکەوتنە بەسەر داعش. ئاشكراشی دەكات، نزیکەی 3 بۆ 4 هەزار داعش لەنێو موسڵ هەن.

جۆن دۆریان، گوتەبێژی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی بە داعش بەشداری گەشتی هەواڵەكانی كاژێر 8ی تەلەڤزیۆنی رووداوی كرد و دوایین زانیاری لەبارەی شەڕی دژی داعش ئاشكراكرد.

جۆن دۆریان گوتی "هێزەکانی عێراق لە چەند لایەکەوە چوونەتە نێو شاری موسڵ. متمانەشمان هەیە، کە شاری موسڵ کۆنترۆڵدەکەنەوە".

دۆریان ئاشكرایدەكات، نزیکەی 3 بۆ 4 هەزار داعش لەنێو شاری موسڵ هەن و بەشێک لە چەکدارانی ئەو گرووپە خانەوادەکانیان بۆ دەرەوەی موسڵ گواستوونەتەوە.

گوتەبێژی هاوپەیمانان راشیگەیاند، هەوڵیانداوە ئەو شوێنانە بپارێزن، کە خەڵکی سڤیلی تێدایە.

لەبارەی كۆنترۆڵكردنەوەی باشیك لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە، گوتەبێژی هاوپەیمانان گوتی "کۆنترۆڵکردنەوەی باشیک یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بوو دژ بە داعش". گوتیشی "هێزەکانی پێشمەرگە لە پێشڕەوییەکانیان دژ بە داعش بەردەوامن".

جۆن دۆریان راشیگەیاند "ئازادکردنی باشیک بووە هۆکارێک بۆ ئازادبوونی ئەو خەڵکانەی پێشتر لەو ناوچەیە لەژێر دەستی داعشدا بوون".
RUDAW -
Top