دواشەڕی موقەدەم سەربەست كوڕە بچوكەكەی هەموو ئێوارەیەك چاوەڕێیە بگەڕێتەوە

دواشەڕی موقەدەم سەربەست كوڕە بچوكەكەی هەموو ئێوارەیەك چاوەڕێیە بگەڕێتەوە
دەمەوئێوارەی هەموو رۆژێك برینەكانی ماڵئاوایی سەربەست نوێتر ئەبنەوە، كاتێك كوڕە بچووكەكەی بەچاوی پڕ لەفرمێسكەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی دەكات لەبەرەكانی شەڕ، بێئاگا لەوەی چیتر ناتوانێت بەباوكی شاد بێتەوە.

ئەو منداڵە ناوی ئارژینە‌و تەمەنی تەنیا پێنج ساڵە، زۆربەی ئێواران راهاتبوو باوكی بگەڕێتەوە ماڵ‌و لەباوەشی بگرێت، بەڵام دوو هەفتەیە نەیبینیووە، بۆیە زووزوو دەكەوێتە پرسیار‌و دایكیشی هەمان وەڵامی دەداتەوە؛ ئیتر ناگەڕێتەوە.

موقەدەم سەربەست ساڵح جگە لەئارژین، دوو كوڕ‌و كچێكی تری بەبێ‌ باوكی بەجێهێشت، دوای ئەوەی لەدووەم رۆژی شەڕی ئازادكردنەوەی موسڵ‌و لەكاتی پوچەڵكردنەوەی بۆمبەكانی تیرۆریستانی داعش، 18ی مانگی رابردوو شەهیدبوو.



كوڕە بچوكەكەی شەهید سەربەست

"منداڵەكان زۆر كاریگەرن بەشەهیدبوونی باوكیان، بەتایبەتی كوڕە بچووكەكە (ئارژین) دەمەوئێوارە كە كاتی هاتنەوەی باوكیەتی لەدەوام چاوەكانی پڕ لە فرمێسك دەبن‌و دەڵێت، دایكە تەلەفۆن بۆ باوكم بكە بیری دەكەم حەزدەكەم بێتەوە، ئەگەرچی پێموتووە باوكت چیتر ناگەڕێتەوە" سەوسەن محەمەد هاوسەری شەهید وایوت.

شەهید سەربەست، فەرماندەی سریەی هەندەسەی هێزەكانی زێرەڤانی بوو، لەنزیك گوندی شێخ ئەمیر لەمیحوەری خازر بۆمبەكانی داعشی پوچەڵدەكردەوە، دوای رۆژێك لەئازادكردنی ئەو ناوچانە لەلایەن پێشمەرگەوە.

هێزەكانی پێشمەرگە لەو شەڕەدا تەواوی پلانەكەیان لەماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا جێبەجێكرد، ئەوەش بەكۆنتڕۆڵكردنەوەی 9 گوند‌و پانتاییەكی فراوانی رێگای سەرەكی هەولێر-موسڵ بەرووبەری نزیكەی 200 كیلۆمەتر چوارگۆشە لەرۆژهەڵاتی موسڵ.

جەلال ئەحمەد، شۆفێری موقەدەم سەربەست كە لەكاتی تەقینەوەكەدا تەنیا چەند مەترێك لەیەكترییەوە دووربوون، دەڵێت ئەو رۆژە ئەركی دیاریكراوی خۆیان تەواوكردووە، بەڵام لەسەر داوای بەرپرسێكی پێشمەرگە، بۆ پوچەڵكردنەوەی بۆمبێك ماونەتەوە كە لەسەر گردێكی ئەو ناوچەیە دانرابوو.

"موقەدەم سەربەست بۆمبێكی پووچەڵكردەوە‌و چووەسەر بۆمبێكی تر، وتی ئەم بۆمبە بەشێوەیەكی جیاواز نراوەتەوە، منیش وتم گەورەم باشتێكی پێوە ببەستین‌و لەدوورەوە رایبكێشین‌و هەرچۆنێك بێت دەتەقێتەوە، وتی ئێستا چارەسەری دەكەم، هەر سەرقاڵی پووچەڵكردنەوەی بوو".

لەو كاتەدا، جەلال لەشوێنەكە دووردەخاتەوە بۆ ئەوەی هەرشتێك بوو كەمترین زیانیان پێبگات "زۆری پێنەچوو بۆمبەكە تەقییەوە، تەنیا پێنج مەتر لێی دووربووم‌و بۆمبەكە منیشی فڕێدا" جەلال دەڵێت بۆ كەمێك هۆشی نەماوە‌و دواتر بینیویەتی دۆخی موقەدەم سەربەست باش نیە، بۆیە بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەیان كردووە بەڵام لەبەر سەختی برینەكەی شەهیدبوو.

هێزەكانی هەندەسە رۆڵی بەرچاویان هەبوو لەدوساڵی شەڕی دژ بەداعش، ئەوانیش لەگەڵ پێشڕەویەكانی پێشمەرگەدا دەڕۆن، ئەوەش بۆ پوچەڵكردنەوەی هەزاران بۆمبی چێنراوی تیرۆریستان لەو ناوچانەی لەدەستی دەدەن.



شەهید سەربەست

موقەدەم سەربەست ساڵی 1973 لەشاری سلێمانی لەدایكبووە، بەڵام بەشی ژمێریاری كۆلیژی لوبنانی ئەهلی لەهەولێر تەواوكردووە، 25 ساڵ لەمەوبەر تێكەڵ بەریزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە.

دووەم رۆژی شەڕی موسڵ، شەهید سەربەست چەندین بۆمب‌و ئۆتۆمبێلێكی مینڕێژكراوی پوچەڵكردەوە، تاوەكو دواتر بۆ ئەركێكی تر راسپێردراو لەرێگادا بەرەو ئەو شوێنە بۆمبی دیكەشی هەڵگرتەوە، بەبێ‌ ئەوەی هیچ كاتێك هەست بەماندوێتی بكات، وەكو هاوڕێكانی دەڵێن.

"زۆر دڵخۆش بوو، بڕیاربوو لەخازرەوە بچین بۆ میحوەری ناوەران چونكە هەنگاوی دووەم لەوێوە هێرشدەكرا، زۆر سەیربوو، هەرچەندە من هەوڵمدەدا بەزووترین كات بەڕێبكەوین بەڵام هەر دوادەكەوت، هەرگیز وانەبوو، دەیوت پەلە مەكە با بچین چایەك بخۆینەوە"، موقەدەم سۆران یوسف هاوسەنگەری سەربەست وادەڵێت.

موقەدەم سۆران دەڵێت شەهید سەربەست لەدوو ساڵی رابردوودا لەمیحورەكانی وانكێ‌‌و ئاسكی موسڵ‌و شەنگال‌و هەموو بەرەكانی تری شەڕ، هەزاران بۆمبی پوچەڵكردوەتەوە، هەرگیز نەیدەهێشت لەكاتی پووچەڵكردنەوەشدا هیچ كەسێك نزیكی بێت بۆ ئەوەی ئەگەر تەقینەوە رووبدات كەمترین زیان هەبێت.

16 ساڵ لەمەوبەر موقەدەم سەربەست لەگەڵ سەوسەن ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە، چوار منداڵی هەیە سانان (16 ساڵ)، سەهەند (14 ساڵ) سایە (11 ساڵ)‌و ئارژین (پێنج ساڵ)، ئەو براگەورەی ناو خێزانەكەی بووە، دوو براو سێ‌ خوشكی تری هەیە.

سەوسەن نیوەڕۆی رۆژی روداوەكە بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەربەست كرد، "وتی لەگوندەكانی خازرین‌و دەرۆین بۆ ناوەران، جارێكیتر تەلەفۆنم كردەوە وتی زۆر باشە، بۆ ئێوارەكەی تەلەفۆنی زۆرم بۆ هات‌و پرسیاری ئەویان دەكرد‌و وتیان مۆبایلەكەی داخراوە".

"ئیتر دڵم ترسا، بەكوڕە گەورەكەم وت تەلەفۆن بۆ مامت بكە (ئەویش پێشمەرگەیە) بزانە باوكت بۆ وەڵام ناداتەوە، كە تەلەفۆنی كرد‌و پێی وتبوو باوكت بریندارە، منیش وتم ئەگەر بۆمبی پێدا تەقیبێتەوە ئەوە شەهیدبووە" سەوسەن وایوت.

هێزەكانی پێشمەرگە كە زیاتر لەدوساڵە شەڕی داعش دەكەن، بەخوێنی زیاتر لەهەزار‌و 500 شەهید دەیان ناوچەی گرنگ‌و ستراتیژییان كۆنتڕۆڵكردوەتەوە.

ساماڵ ساڵح، برای شەهید سەربەست كە هونەرمەندی گۆرانیبێژە باس لەدڵسۆزی براكەی دەكات‌و دەڵێت زۆرجار تەنانەت لەجەژنانیشدا منداڵەكانی لەهەولێرەوە دەناردەوە بۆ لای ماڵی باوكی، بەڵام خۆی كارەكەی جێنەدەهێشت‌و لەئەركدا دەمایەوە.

"دایكم نەخۆشی شێرپەنجەی هەبوو كە یەك دوو ساڵێك بەر لەئێستا كۆچی دواییكرد، ناو بەناو دەهاتەوە بۆ لای دایكم، بەڵام زۆرجار بەهۆی جێبەجێكردنی ئەركەكانییەوە وەكو پێویست ئەو سەردانەشی نەدەكرد".
xandan -
Top