پارتی دژی ناونانی پارتییە

پارتی دژی ناونانی پارتییە

"لەبەر خۆشەویستیم بۆ جەنابی سەرۆك و كاك نێچیرڤان و پارتی، منداڵەكەم ناوناوە پارتی. وەسیەت دەكەم دوای مردنیشم ناوەكەی نەگۆڕن"، ئەوە قسەی محەممەد عەلی، باوكی پارتییە كە فەرمانبەرە و لە سەرەتای ئەمساڵدا منداڵی سێیەمی خۆی ناوناوە پارتی.

لە چەند رۆژی رابردوودا ناسنامەی چەند منداڵێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكرایەوە كە بەناوی حیزبەكانی كوردستانەوە كراون. یەكێكیش ناونراوە گەریلا.

یەكێك لەو منداڵانە لە شارۆچکەی بەحركەی شاری هەولێرە و ناوی (پارتی محەممەد عەلی)یە كە ئێستا تەمەنی نزیكەی نۆ مانگە. باوكی ئەو منداڵە لە ئێستاوە خۆی بۆ ئەو ئەگەرانە ئامادە كردووە كە لە داهاتوودا رووبەڕووی ناوی منداڵەكەی دەبنەوە. محەممەد عەلی گوتی "ئەمساڵ لەلایەن كەسێكەوە تانەی لێدرا، بەڵام داوای لێبووردنی لێكردین، بۆ داهاتووش ئەگەر تەمەن رێگەی پێداین رێنمایی دەكەم كە هەر تانەیەكی لێبدرێت یاخود لەڕووی دەروونییەوە ئازاری بدەن، لەبەر گەورەیی ناوی پارتی، بەسەر تانەكاندا زاڵ بێت".

سێ لەو رەگەزنامانەی لە فەرمانگەكانی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی قادر كەرەم دەركراون، بەم ناوانەن: (یەكێتی ئارام عادل)، (گۆڕان كامیل محەممەد)، (گەریلا كاروان حەمەخورشید)، بەپێی بەرواری دەرچوونی ناسنامەكان، هەندێك لەو منداڵانە ساڵی رابردوو لەدایك بوون.

"زۆرم پێخۆشە ناوم یەكێتییە و كەسیش تانەی لێنەداوم و بیر لە گۆڕینیشی ناكەمەوە" یەكێتی رزگار، تەمەن 17 ساڵ بەو شێوەیە باسی ناوی خۆی كرد. یەكێتی دانیشتووی شارۆچكەی چەمچەماڵی سەر بە شاری سلێمانییە و خوێندكاری قۆناغی پێنجی ئامادەییە.

رزگار ئەحمەد، باوكی یەكێتی بە (رووداو)ی راگەیاند "لە خۆشەویستیم بۆ رێبازەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، منداڵەكەم ناو ناوە یەكێتی".

یەكێك لەو منداڵانەی ناوی "گۆڕان" لەسەر ناسنامەكەیەتی، دانیشتووی شارۆچكەی چەمچەماڵە، بەڵام باژێڕوانی گۆڕان لە چەمچەماڵ بێ‌ ئاگایی خۆی لەوە نیشاندا و گوتیشی كە دژی ئەو جۆرە ناونانەیە.

عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك، باژێڕوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە چەمچەماڵ بە (رووداو)ی گوت "بەگشتی پێم باش نییە ناوی حیزب لە منداڵ بنرێت، چونكە لەئێستاوە غەدر لەو منداڵە دەكرێت، رەنگە لە داهاتوودا ئەو منداڵە بیروباوەڕی لەگەڵ حیزبێكی دیكە بگونجێت".

هێرش مەلا جەوهەر، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی بەڕانەتی پارتی لە بەحركە، بێئاگایی خۆی لە ناونانی منداڵێك بەناوی حیزبەكەیەوە لە شارۆچكەكەی دەربڕی و دەڵێت پێشی باش نییە نێوی منداڵ بەنێوی حیزبەوە بكرێت "ئەو جۆرە ناونانە ململانێی سیاسی دروست دەكات، رەنگە ئەو منداڵە بەهۆی ناوەكەیەوە لە قوتابخانە و شوێنە گشتییەكان تووشی كێشە ببێ‌".

ناونانی منداڵ بەنێوی حیزب و كەسایەتییەكان لە كوردستان دەمێكە هەیە. لە سەردەمی بەعس چەندین منداڵی كورد نێونرابوون سەدام. هەندێكیان دوای راپەڕینی 1991 ناوی خۆیان گۆڕی.

یاد فەرمان پیاوێكی باڵا بەرزی تەمەن 37 ساڵە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، ئەو پێشتر لەلایەن باوكییەوە ناونرابوو هیتلەر. یاد گوتی "سەرەتا نەمدەزانی هیتلەر مانای چییە تا دوایی زانیم كەسایەتییەكی زۆر دڕندە بووە، بۆیە ناوەكەی خۆم گۆڕی بۆ یاد، رەخنەی توندیشم لە باوكم گرت كە ئەو ناوەی بۆ هەڵبژاردبووم".

توێژەرانی كۆمەڵایەتی دەڵێن ناونانی منداڵ بەناوی حیزبەكانەوە كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئایندەی منداڵەكە دەبێ‌.
ئازاد جەلال، توێژەری كۆمەڵایەتی لەوبارەیەوە گوتی "ناونانی منداڵ بەناوی حیزب و سەركردەكانەوە كارێكی خراپە، چونكە لە داهاتوودا ئەو منداڵانە تووشی گۆشەگیری و خەمۆكی دەبن. گەورەترین پێشێلكردنی مافەكانی منداڵیشە، بۆیە باشتر وایە ناوی ئاسایی یان نیشتمانی و نەتەوەیی لە منداڵ بنرێ‌".
rudaw -
Top