بەرهەم ساڵح: دەستگیرکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی قابیلی قبوڵ نییە
دوای سەدانی بۆ بارەگای پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ دەربڕینی هاوسۆزی سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی هاوسەرۆکانی ئەو حیزبە، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو حیزبە لە هەولێر ئەنجامدا.
د. بەرهەم ساڵح رایگەیاند "دەستگیرکردنی سەلاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ و هاوڕێکانیان تاوانێکی گەورەیە دەرحەق بە کۆمەڵێک خەڵکی سەرکردەی ناودار و نوێنەری خەباتی دیموکراسیی و ئاشتیخوازی خەڵکی کوردستان".
جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی گوتیشی "ئەم دەستگیرکردنە، بە ئەنجام دەبێتە مایەی برەودان بە خەباتی دیموکراسی و ئاشتیخوازی خەڵکی کوردستان، هەرگیزا و هەرگیز بۆیان ناچێتە سەر، مافی خەڵکی کوردستان مافێکی رەوایە، مافی دیموکراسیی و ئاشتی و نەتەوایەتی کورد، مافێکی رەوایە".
بەرهەم ساڵح دەشڵێت "نە لە تورکیا و نە لە دراوسێکانی تورکیاش، بەبێ رەچاوکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان ئاسایش و دیموکراسی تێیاندا بەرقەرار نابێت".
جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی ئاماژە بەوە دەكات، سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستانن؛ نوێنەری باشوور، باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوان، لە ئەنجامیشدا هەموو خەڵکی کوردستان یەکدەنگ و یەکئیرادەن، سەرباری هەموو جیاوازییەکان و تێڕوانینە جیاوازەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان.
بەرهەم ساڵح پەیامێک ئاراستەی تورکیا و دونیای دەرەوە دەکات و دەڵێت "بە تورکیا و دونیای دەرەوەش دەڵێین، بەری ئازادی بەم جۆرە هەنگاوانە ناگیرێت. ئەمڕۆ رۆژی یەکڕیزی خەڵکی کوردستانە، یەکدەنگی هەموومانە لەگەڵ ئازادیخوازانی دونیا بۆ مەحکومکردنی ئەم هەنگاوە و ئازادکردنی ئەو تێکۆشەر و ئەو سەرکردانە و، برەودان بە خەباتی دیموکراسیی و ئاشتیخوازانەی خەڵکی کوردستان".
بەرهەم ساڵح دەشڵێت "خەڵکی کورد ئەمڕۆ لە هەموو پارچەکانی کوردستان رووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە. رەچاوکردنی مافی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد، پێگەیەکی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم لەم ناوچەیە، بۆیە لەمکاتە کە پێشمەرگە و گەریلاکانی کورد رووبەڕووی داعش دەبنەوە، ئەم هەڵوێستە جێگەی مەحکومکردنە، هەرگیزاو هەرگیز نە لەلای خەڵکی کوردستان، نە لەلای دیموکراتیخوازەکانی تورکیا، نە لەلای دونیای ئازادیش؛ قابیلی قبوڵ نییە"
rudaw -
