نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانتارانی بەریتانیا کرد
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٧-١١-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی گروپی پەرلەمانتارانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ پشتگیریكردن لە هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی پەرلەمانتار جاك لۆپرێستی كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی بەریتانیایان بۆ هەوڵ و نەبەردی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە نیشان دا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پێشوازیكردن و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و دابینكردنی پێدوایستییەكانی پێشمەرگەشیان دووپات كردەوە، هەروەها باسیان لە سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بواری كۆمەڵایەتی و دەستەبەركردنی مافی ئافرەتدا كرد و ئەمەشیان بۆ سیاسەت و دیدگایەكی ڕوونی هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە.
ئاماژەیان بەوەش دا كە ئەوان لێكۆڵینەوە لەوە دەكەن بەریتانیا لە چ بوارێكدا دەتوانێت هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بەتایبەتی لە بواری فرەسەرچاوەكردنی ئابوورییی هەرێمی كوردستاندا و هیواشیان خواست هەرێمی كوردستان لە كاتێكی زوودا بگەڕێتەوە دۆخی جارانی خۆی، هەروەها باس لە پرۆسەی ئازادكرنەوەی مووسڵ و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیمانان لەوبارەیەوە و ڕەوشی بەرەكانی جەنگ كرا. شاندی میوان جەختیشیان لە بەردەوامیی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییەكانی بەریتانیای لە بوارەكانی سەربازی و مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە دا كە بەریتانیا و هەرێمی كوردستان مێژوویەكی دێرینیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكاندا هەیە، هەروەها دەستخۆشی لەو گروپەی پەرلەمانتارانی بەریتانیا كرد بۆ هاوكاری و پشتگیرییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕابردوودا و هیوای بەردەوامیی ئەو پشتگیرییانەی لە قۆناغەكانی داهاتووشدا خواست.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان كرد و ئاشكرای كرد كە چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنی مووسڵەوە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، هەروەها باسی لە نیگەرانییەكانی پێكهاتە جیاوازەكانی دەشتی نەینەوا كرد بەتایبەتی كرستیان و ئێزدییەكان و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هاوكار بن بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ پێكهاتەكانی دەڤەرەكە تاكو بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان و لە داهاتووی خۆیان پشتڕاست بن و خزمەتگوزاریی سەرەتاییان پێشكەش بكرێت.
تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لە داهاتوودا و خواستەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی پەیوەندار بە ڕەوشی ناوچەكەوە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
Kdp-
