پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی هۆشداری بە بزووتنەوەی گۆڕان دەدات
كاوە محەمەد ئەمین، ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی، ڕایگەیاند: "مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە، ئاگاداری سەرجەم جووڵە سیاسییەكانە، بۆچوونەكانی كاك بەختیار تەواو ڕاست بوو، بۆیە دەبێت تێگەیشتن هەبێت كە ئەم ڕێككەوتنە كێشەی دێتە بەردەم و چاكیش دەبێت، بەڵام ئەوە مانای وانییە كە ئێمە نەمانەوێت ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكەین".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتی، ڕوونی كردەوە: "بزووتنەوەی گۆڕان ناكرێت خۆی لە باڵێكی ناو یەكێتی نزیك بكاتەوە، چونكە ئاڕاستەكانی ناو یەكێتی هەر یەكێتین، هەرچەندە جیاوازیش بن، دواجار هەریەك سیاسەتە وەك كاك بەخیتار باسی كرد، یەكێتی دەبێت ڕێككەوتن لەگەڵ گۆڕان نەكات لەسەر حسابی پارتی و لەگەڵ پارتیش بەهەمان شێوە".
جەختیشی لەوە کردەوە کە گۆڕان “دەبێت لەوە تێبگات”، ڕێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی کردووە، نەک “باڵێکی یەکێتی”، بۆیە دەبێت خۆی لە یەکێتی نزیک بکاتەوە نەک باڵێکی.
ئەمە لە کاتێک دایە کە چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندن لەسەر زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویان کردووەتەوە کە بزووتنەوەی گۆڕان لەو قسانەی مەلا بەختیار زۆر نیگەران بووە، بۆیە داوای ڕوونكردنەوەی لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی كردووە و بڕیاریشە لەگەڵ ئەو باڵە بۆ كاراكردنەوەی ڕێككەوتنی نێوانیان گفتوگۆ بكەن.
باسنیوز
