راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

 راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێک لەبارەی دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی یابانیی بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە ڕێکخراوی توندڕەوی داعش بڵاو دەکاتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، کە رۆژی دووشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2016 بڵاو کراوەتەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە کوسوکی تسیونیوکا ناسراو بە شامیل ک. تسیونیوکا، هاووڵاتییەکی یابانییە و بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی بە داعشەوە، رۆژی 19ـی تشرینی یەکەمی 2016 لە نزیک چیای زەرتک دەستگیر کرا.

هەروەک ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کوسوکی تسیونیوکا لەرێگای مۆبایلی زیرەکەوە پەیوەندیی بە ئەندامانی داعشەوە کردووە.

دوای گفتوگۆ و هەماهەنگیی دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی یابانی، بڕیاردراوە بە ناردنەوەی ئەو چەکدارە یابانییەی داعش بۆ وڵاتەکەی و رۆژی دووشەممە 7ـی تشرینی دووەم لە رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە رەوانەی وڵاتەکەی کرایەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

راگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی ھاووڵاتیەکی ژاپۆنی

لە رێکەوتی 19ـی ئۆکتۆبەری 2016 ھاووڵاتییەکی ژاپۆنی بەناوی( کوسوکی تسیونیوکا) ناسراو بە (شامیل ک. تسیونیوکا) بەتۆمەتی ھەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش لە نزیک چیای زەرتک دەستگیرکرا.

لە لێکۆڵینەوەدا، کە لەلایەن دەزگای دژە تیرۆری کوردستان لەگەڵیدا ئەنجام دراوە، دەرکەوت لەڕێگەی مۆبایلی زیرەکەوە پەیوەندی بە ئەندامانی داعشەوە کردووە.

لە میانەی دەستگیرکردنیدا دەزگاکانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە گفتوگۆ دابوون لەگەڵ دەسەڵاتداری ژاپۆن لەسەر ئەو تۆمەتەی روبەڕووی کراوەتەوە، ھەروەھا بڕیاردرا ئەم ھاووڵاتیە رادەستیان بکرێتەوە، لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە رۆژی دووشەمە رێکەوتی ٧ی نۆڤێمبەر لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە بەڕێکرا.

ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان

7/11/2016





باسنیوز
Top