کوشتنی گەنجێکی مەسیحی لە کەرکووک کاردانەوەی توندی لێ دەکەوێتەوە و “پاسەوانەکانی مەڵبەندی دووی یەکێتی بە کوشتنی گەنجەکە تۆمەتبار دەکرێن”
کاوێز مەلا پەروێز، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیر و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک، ڕاگەیاند: “جگە لەو ڕووداوە ئەمنییانەی کە لە شاری کەرکووک ڕوودەدات، وەک کوشتن و ڕفاندن و شتی دیکەش، لەپاڵ ئەو تاوانانە هاتنی داعش و حەشدی شەعبی، بای ئەوەندەن کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و بەرپرسانی گەورەی ئەمنی بێنە سەرخەت و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە بکەن”.
ئەو داوا دەکات: “لایەنی کەم ڕەچاوی خوێنی شەهیدانی کەرکووک بکەن، چونکە بێ ئومێدی بە جۆرێک کەرکووکییەکانی وا لێ کردووە، ڕێگایەکی هەڵەبگرنە بەر”.
کاوێز مەلا پەروێز ئاماژەی بەوە کرد کە دوایین تاوان لە کەرکووک، کوشتنی گەنجێکی مەسیحییە و دەڵێت: “گەنجێک کوژراوە، هیچ کەس لەم وڵاتە نایەتە سەرخەت، وەک ئەوەی خوێنی کەرکووکییەکان بێ بەها بێت، بۆیە دەبێت دامەزراوە ئەمنییەکان و لایەنەکانی دیکەی ئەمنی بێنە سەرخەت، لێژنەیەکی ئەمنی دروست بکرێت بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەو خروقانە ئەمنییەی لەو شارە کراوە".
پێشتر عەقید ڕەمەزان دڵشاد، ئەفسەری پلە بەرز لە ئاسایشی کەرکووک، ڕاگەیاندبوو کە دۆسیەی کوژرانی ئەو گەنجە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوە دایە و لەلایەن پاسەوانەکانی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو گەنجە کاتێک بە ئۆتۆمبێلەکەی تووشی پێکدادان بووە، بەناچاری بەپێچەوانەی ئاراستەی شەقامەکە ڕۆشتووە و پاسەوانەکانی مەڵبەندی دووی یەکێتی تەقەیان لێی کردووە.
باسنیوز
