سەرۆک ئەرکانى سوپاى ئەمەریکا و تورکیا کۆبوونەوە

سەرۆک ئەرکانى سوپاى ئەمەریکا و تورکیا کۆبوونەوە
لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئەنقەرە هەردوو سەرۆک ئەرکانى سوپاى ئەمەریکا و تورکیا ئۆپراسیۆنەکانى موسڵ و ڕەقەیان دژى چەکدارانى داعش تاوتوێ کرد.

سوپاى تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، کە کۆبوونەوەکەى نێوان جۆزێف دانفۆرد سەرۆک ئەرکانى سوپاى ئەمەریکا و خڵوسى ئاکار سەرۆک ئەرکانى سوپاى تورکیا تایبەت بووە بە تاوتوێکردنى هەردوو ئۆپراسیۆنى موسڵ و ڕەقە و باسیش لە ئۆپراسیۆنى باب کراوە کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى نزیک لە تورکیا بەنیازن ئەنجامى بدەن.

بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا باسیان لە جموجوڵەکانى یەکینەکانى پاراستنى گەل یەپەگە کردووە و سەرۆک ئەرکانى سوپاى تورکیا مەترسى نیشانداوە کە شەڕو پێکدادانى تایەفى لە ناوچەکەدا دروستبکات.

ئەو کۆبوونەوەیە تەنیا چەند کاتژمێرێک دواى دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى ڕەقە ئەنجامدراوە کە هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕۆژى ڕابردوو لەژێر ناوى توڕەیى فوراتدا دەستپێکردنى ڕاگەیاند.

ئەمەریکا یەکینەکانى پاراستنى گەل بە هاوپەیمانى خۆى دەزانێت لە شەڕى دژى داعشدا و تورکیاش بەردەوام ئەو هێزە بەوە تۆمەتبار دەکات کە سەر بە پارتى کرێکارانى کوردستانە و لە ڕابردوودا چەند جارێک بنکە و بارەگاکانیانى لە ڕۆژئاواى کوردستان بۆردومانکردووە.
Top