سوپای پاسداران لە گوندێکی هەورامان مانۆڕی سەربازی ئەنجام دەدات
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی ڕۆژی کورد، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 2016 -11- 6 هێزێکی زۆری پاسدار، کە بە چەکی قورس تەیار بوون، لە دەوربەری گوندی سەرهویە جێگیر بوون و ئێستا لەو ناوچەیە لە چەندین شوێن به چڕی کەمینیان ناوەتەوە.
هەتا ئێستا ڕوون نییە کە ئامانج لە هێنانی هێزێکی زۆری پاسدار بۆ ئەو ناوچەیە چییە، بەڵام لە دوای چالاکیی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات کۆمەڵێک کۆنە بنکەی سوپای پاسداران لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات نۆژەن کراونەتەوە.
دەگوترێ کە هێزەکانی سوپای پاسداران، هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە کە لە ئەگەری هەبوونی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات لەو ناوچانە، دەبێ هاوکاریی سوپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکان بکەن.
هاوکات لە ماوەی دوو ڕۆژی هەینی و شەممەدا، لە تێکڕای شارەکانی پارێزگەی سنە، مانۆڕی سەربازی بۆ بردنە سەرەوەی ورەی پاسدارەکان بەڕێوە چووە.
ئەمە جووڵە سەربازییانەی سوپای پاسداران لە کاتێک دایە کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران لە ورمێ و چەند شوێنی دیکە ڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرد.
باسنیوز
