”چەکدارانی داعش لە باشیک تەنیا بە بێ تەل پەیوەندییان بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەیانەوە ماوە“
پاش ئەوەی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە تەواوەتی شارەدێی (باشیک)ی لە ڕۆژهەڵاتی مووسڵ گەمارۆ دا، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی پێشمەرگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەنتەری شارەدێیەکە دەستی پێ کرد.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی سەربازی ڕاگەیاند کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە تەواوەتی چەکدارانی داعشیان لەناو مووسڵ گەمارۆ داوە و ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەیانەوە نەماوە. گوتیشی: ”تەنیا بە بێ تەل پەیوەندییان لەگەڵ داعش ماوە و جاروبار ئەمیرەکانی داعش داوایان لێ دەکەن بەرگری بکەن“.
بەپێی زانیارییەکان، چەکدارانی داعش لەناو باشیک توانای بەرگریکردنیان نەماوە و ماوەیەکی زۆرە گەمارۆ دراون، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چەند سەعاتی داهاتوودا ئەو سەنتەری شارەدێیە بە تەواوی بکەوێتە دەست پێشمەرگە.
پێشتر سەرۆك بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە میحوەری باشیک ڕای گەیاندبوو کە سەنتەری شارەدێی باشیک لە ڕووی سەربازییەوە کەوتووە، بەڵام پێشمەرگە بە مەبەستی ئەوەی کەمترین زیان بدات، پەلە لە چوونە ناو شارەدێیەکەدا ناکات.
باسنيوز
