هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر باشیك دەستیپێكرد

هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر باشیك دەستیپێكرد
ژمارەی دانیشتووانی باشیك بە 140 هەزار كەس دەخەمڵێندرێ، 35 هەزاریان لە سەنتەری شارۆچكەكە دەژین، پێكهاتوون لە كوردانی ئێزدی، كوردانی شەبەك، مەسیحی، عەرەب و توركمان..

لە سێ قۆڵەوە، كاژێر 07:00 ی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 7-11-2016، هێرشی پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە بۆ سەر داعش لە شارۆچكەی باشیك و ژمارەیەك گوندی دەوروبەری دەستیپێكرد، كە نزیكەی دوو هەفتەیە لە هەموو لایەكەوە لەلایەن پێشمەرگە گەمارۆدراوە، هاوپەیمانانیش بە چڕی شارۆچکەکە بۆردوومان دەکەن.

پێش دەستپێكردنی هێرشەكە، شەوی رابردوو فڕۆکەکانی هاوپەیمانان داعشیان لەنێو باشیک بۆردوومانکرد، داعشیش بۆ رێگری لە بۆردوومانەکان دەستی بە سووتاندنی تایە و نەوتی رەش کردووە، بۆ ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكان بەدروستی ئامانجەكانیان نەپێكن، ئەمڕۆش هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە پشتیوانی پێشمەرگە دەكەن و چەندجارێك داعشیان بۆردوومانكردووە.

نزیکەی دوو هەفتەیە شارۆچکەی باشك لە هەموو لایەكەوە لەلایەن پێشمەرگە گەمارۆدراوە، چەند رۆژێك پێش ئێستا مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان رایگەیاند، لەڕووی سەربازییەوە باشیك كەوتووە.

شارۆچكەی باشیك لەسەر نەخشەی شەڕی داعش، ئەو بەشەی زەرد كراوە لەژێر دەستیپ ێشمەرگە دایە، رەنگی سوور سوپای عێراقەو رەشیش داعشە، سەرچاوە: ئایسس لایڤ ماپ

شارۆچكەی باشیك كە دوو ساڵ و نیوە لەژێر دەستی داعشدایە، دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی موسڵ و 20 كیلۆمەتر لە سەنتەری شارەكە دوورە. چواردەوری باشیك گەمارۆدراوە و هیچ رێگایەك نییە بۆ دەربازبوونی ئەو چەكدارانەی لەنێو شارۆچكەكەدان، هەروەها هیچ رێگایەكیش نییە بۆ هاتنی یارمەتی بۆیان.

بەپێی قسەی فەرماندەكانی پێشمەرگە بۆ رووداو، چەكدارانی داعش لەنێو باشیك تونێلی زۆریان لێداون و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان ئامادەكردوون بۆ ئەوەی كاتێك پێشمەرگە هێرش دەكات بەرگری لە خۆیان بكەن.

باشیك، شوێنێكی ستراتیژییە و سنووری باشووری كوردستان لە ناوچە عەرەبییە سوننەكان لە پارێزگای دهۆك جیادەكاتەوە، باشیك سێ‌ چیای گرنگی لێییە بە ناوەكانی باشیك، مەقلوبە و مەغارە. رێگای سەرەكی نێوان ئیبراهیم خەلیل و شارەكانی عێراق بە باشیك تێدەپەڕێت كە ئەمەش وایكردووە گرنگی و بابەیەخی جوگرافیای هەبێت.

باشیك ناوچەیەكی كشتوكاڵی پڕ بە پیتە، بەتایبەت لە بەرهەمهێنانی زەیتوون، جگە لەوە ناوچەیەكی سەوزایی و دارستانی زۆری لێییە بەرارورد بە ناوچەكانی دیكەی موسڵ، بە جۆرێك باشیك 75 هەزار داری لێ چێندراوە.

ژمارەی دانیشتووانی باشیك بە 140 هەزار كەس دەخەمڵێندرێ، 35 هەزاریان لە سەنتەری شارۆچكەكە دەژین، پێكهاتوون لە كوردانی ئێزدی، كوردانی شەبەك، مەسیحی، عەرەب و توركمان دانیشتووانەكەی بە عەرەبی، كوردی، سریانی و توركمانی قسە دەكەن. رێژەی پێكهاتەكان بەمشێوەیە دابەش بووە: 70% كوردی ئێزدی، 20% كریستیان و 10 موسڵمان.

17 گوندی عەرەبی لە نزیك سەنتەری شارۆچكەی باشیك هەن لەگەڵ 6 گوندی كوردانی ئێزدی لەگەڵ گوندێكی توركمان، ئەمەش وایكردووە شارێكی فرە پێكهاتەو نەتەوە بێت، هەروەها 47 گوندی دیكە كە 5 كولتوور و نەتەوە و ئاینزای جیاواز لەخۆدەگرێت، سەر بە شارۆچكەی باشیكن.

باشیك 7 كڵێساو شوێنی پەرستن و مەزارگەی پیاوچاكانی ئاینزا جیاوازەكانی لەخۆگرتووە، لە بواری خوێندن و پەروەردەش هەر لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1921، بۆ یەكەجار قوتابخانەی سەرەتایی لەو شارۆچكەیە كراوەتەوە.
Top