ئەرك و رۆڵی پۆلیسی دارستان بەرز نرخێنرا

ئەرك و رۆڵی پۆلیسی دارستان بەرز نرخێنرا

عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەمیانی سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ لیوای پۆلیس مستەفا عەلی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دارستانی هەرێم و سەرجەم بەڕێوەبەرانی پۆلیسی دارستان لە پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و ژمارەیەك لە كارمەندانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەدا كە لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو.

سەرەتا بە تێروتەسەلی باس لە رۆڵ و ئەركی پۆلیسی دارستان كرد لە بواری پاراستنی ژینگەو دارستانەكان و رێگەگرتن لە راوكردنی باڵندەو زێدەڕۆیی و لێدانی بیر بە ئامێری پایلی قەدەغەكراو، هاوكات چارەسەركردنی رووداوی ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكان بە هاوكاریی دامودەزگاكانی دیكە.

سەبارەت بە كێشە ئیداری و داراییەكانیش جەختی لەوە كردەوە كە لەئێستادا هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی سیاسی و داراییدا تێدەپەڕێت كە كاریگەریی بۆ سەر گشت جومگەكانی دیكە هەیەو پۆلیسی دارستانیش لەمە بەدەر نییە.

دواتر گوێی لە كێشە و بۆچوونەكان گرت كە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دارستانی هەرێم و بەڕێوەبەرانی پۆلیسی دارستان لە پارێزگاكان خرانەڕوو، ئەم كێشانەش پەیوەندییان هەبوو بە كێشەی ئیداری و میلاكات و چاوخشاندنەوە بە هەیكەلبەندیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی دارستان و كردنەوەی بنكەو هۆبە لە پارێزگاكان.

هاوكات باس لە گرنگترین كێشە داراییەكان كرا كە رووبەڕوویان دەبنەوە لە كەمیی پێشینەو نەبوونی ئۆتۆمبیل و پێداویستیی دیكەی كاری رۆژانەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە، دوای گفتوگۆیەكی تێروتەسەل لەسەر سەرجەم ئەو كێشانە، عەبدولستار مەجید جەختی كردەوە كە بەپێی توانا هاوكارییان دەكات بۆ چارەسەركردنیان و جارێكی دیكە رۆڵی بەرچاوی پۆلیسی دارستانی بە گرنگ و بەرزییەوە خستەڕوو.
Payamner-
Top