ڕاوێژکارێکی بارزانی: ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بارزانی و عەبادی ئاشکرا دەکات

ڕاوێژکارێکی بارزانی: ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بارزانی و عەبادی ئاشکرا دەکات

ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باس لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکە جەخت لەسەر ھەماھەنگیی سەربازی و سیاسی لە نێوان ھەردوولا کراوەتەوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە ٦\١١\٢٠١٦، کیفاح مەحموود، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: “ھاتنی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی دروستکردنی ھەماھەنگی بووە لە نێوان ھەولێر و بەغدا، بە تایبەتی ھەماھەنگی لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی سوپای عێراق”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: “بارزانی لە کۆبوونەوەکە ڕای گەیاندووە کە پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان پێشڕەویی بەرچاویان لە جێبەجێکردنی پلانی مووسڵدا کردووە. ھەروەک عەبادیش ئاماژەی بەوەداوە، پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان توانیویانە ئەو پلانەی داندرابوو، خێراتر لە ماوەی پێشبینیکراو جێبەجێ بکەن. بۆیە پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بەرھەمی ھەماھەنگییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان نیشان دا”.

ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو: “بارزانی لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، ئامادەی پشتیوانی بووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ دەکات”. گوتیشی: “تەنیا باس لە بارودۆخی سەربازیی شەڕی مووسڵ لەلایەن پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان کرا و جەختیش لەسەر ھەماھەنگیی نێوان ھەولێر و بەغدا کرایەوە".

لەبارەی تاوتوێکردنی ئەگەری چوونی پێشمەرگە بۆ ناو مووسڵ و ھەماھەنگی لەگەڵ سوپای عێراق، کیفاح مەحموود ڕوونی کردەوە: "لە کۆبوونەوەکەدا باس کراوە کە پێشمەرگە ناچێتە ناو مووسڵ، حەشدی شەعبیش ناچێتە ناو مووسڵ و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری، ئەو پلانەی دانراوە ئەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەو ھێزانەی ڕاسپێردراون پلانەکە جێبەجێ دەکەن”.
Payamner-
Top