سوپاسالاری ئەمریکا بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە تورکیا
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا ئاشکرایکرد، سوپاسالاری ئەمریکا بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتووەتە ئەنقەرە و ئامانجی سەرەکی سەردانەکەش کۆبوونەوەیە لەگەڵ هاوتا تورکییەکەیدا.
لە راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیادا، کە لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە جوزێف دانفۆرد، سوپاسالاری ئەمریکا ئەمڕۆ یەكشەممە 6-11-2016 گەیشتووەتە تورکیا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "ئامانجی سەردانەکە، کە لەسەر خواستی ئەمریکا ئەنجامدراوە، کۆبوونەوەیە لەگەڵ خڵوسی ئاکار، سوپاسالاری تورکیا".
ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمریكا جەختدەكاتەوە، لە نزیكبوونەوەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رەققە و راشیگەیاندووە، بۆ ئەو شەڕە لەگەڵ توركیا هاوئاهەنگی دەكەن.
Rudaw-
