بڕیار لەسەر شكاندنی بایكۆت مامۆستا و فەرمانبەرانی سلێمانی دەدرێت
سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نەیویست ناوی بنووسرێت گوت: "ئەمڕۆ شاندی ھەر چوار لایەنەكە لە سلێمانی كۆبوونەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر شكاندنی بایكۆت بدەن، دواتریش لەگەڵ نوێنەری مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی كۆببنەوە".
گوتیشی: "مەبەست لەم كۆبوونەوەیە ئەوەبووە ھیچ لایەك بە تەنھا بڕیارنەدات و موزایەدەش بەسەر یەكتر نەكەن".
پێشتر ھەرچوار لایەنە سیاسییەكە لە پشتیوانی خۆیان بۆ مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی دەربڕیووە كە مافەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
ھەر بەپێی زانیارییەكان بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كورستان و جێگرەكەی و وەزیری پەروەردە لەبارەی شكاندنی بایكۆتی مامۆستا و فەرمانبەران كۆببنەوە و بڕیار لەسەر دەستپێكردنەوەی دەوام لەناوەندەكانی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بدەن.
ئەمە لەكاتێكدایە تا ئێستا لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە پڕۆسەی خوێندن قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكان دەستی پێنەكردووە، بەھۆی سیستمی پاشەكەوت و دواكەوتنی مووچەكانیان مامۆستا و فەرمانبەرانی بایكۆتی دەوامیان كردووە.
K24-
