سووریای دیموکرات دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی رەققەی راگەیاند
دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2016 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، فەرماندەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتی رایانگەیاند، کە هەموو هێزە جیاوازەکانی ناو هێزەکانی سووریای دیموکراتی بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن، کە ناونراوە ئۆپەراسیۆنی ”توڕەیی فورات“.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، کە باڵی سەربازیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ن، پێکهێنەری سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکراتین، کە بە پشتگیریی ئەمریکا بە مەبەستی رزگارکردنەوەی شاری رەققە پێکهێنراوە.
هەروەها هێزەکانی سووریای دیموکراتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات لە درەنگانی شەوی شەممە 5ـی تشرینی دووەم دەستی پێکردووە.
پێشتر حکوومەتی تورکیا رایگەیاند، کە سوپای وڵاتەکەی بە مەرجی بەشدارینەکردنی یەپەگە لە ئۆپەراسیۆنەکە، بەشداریی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی رەققە دەکات.
دوای داگیرکردنی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لە عێراق و ژمارەیەک پاریزگای سووریا، لە ساڵی 2014 رێکخراوی توندڕەوی داعش شاری رەققەی وەک پایتەختی خەلافەتەکەی دەستنیشان کرد.
باسنيوز
