رێکخراوێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکەی ئامەد راگەیاند
رۆژی هەینی 4ـی تشرینی دووەمی 2016، مینی پاسێک لە نزیک بنکەیەکی پۆلیس لە ناوچەی رێزان لە شاری ئامەد تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو پۆلیس و نۆ هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 100 پۆلیس و هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون.
حوسێن ئاکسۆی، پارێزگاری ئامەد لە دوای تەقینەوەکەوە، بۆ جاری سێیەم پەکەکە بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار دەکات و تاوەکو ئێستاش پەکەکە هیچ لێدوانێکی لەمبارەیەوە نەداوە.
رۆژی یەکشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2016، رێکخراوی هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند.
رێکخراوی هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان رێکخراوێکی کوردستانی باکوورە و خۆی بە رێکخراوێکی ئاپۆچی (پەیڕەوی گوتەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەکات) دەناسێنن، بەڵام بە فەرمی هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە.
باسنيوز
