وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدان: بڕینی‌ دوو موچەیی‌ کەسوکاری‌ شەهیدان و ئەنفالکراوان ناگرێتەوە

وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدان: بڕینی‌ دوو موچەیی‌ کەسوکاری‌ شەهیدان و ئەنفالکراوان ناگرێتەوە
وەزارەتی‌ شەهیدان و کاروباری‌ ئەنفالکراوانی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان رایگه‌یاند، بڕینی‌ دوو موچه‌یی به‌پێی سیسته‌می‌ نوێ کەسوکاری‌ شەهیدان و ئەنفالکراوان ناگرێته‌وه‌و رێنمایی نوێیان بۆ ده‌رده‌كرێت بۆ چۆنیه‌تی‌ وه‌رگرتنی‌ موچه‌كانیان.

حکومەتی‌ هەرێم له‌ئێستادا سیستەمی‌ بە ئەلیکترۆنی‌ کردنی‌ مووچەی‌ دەستپێکردووە و بریارە لەماوەی‌ سێ مانگدا کارەکانی‌ تەواو بکرێت، كه‌ ئامانج لێی بڕینی‌ دوو موچه‌یی و موچه‌خۆری‌ بندیواره‌.

بەشێک له‌ کەسوکاری‌ شەهیدان و ئەنفالکراوان کە وەزیفەیەکی‌ تریان هەیە و مووچە وەردەگرن لە هەمانكاتدا موچەی‌ شەهیدان یان ئەنفالکراوان-یش وەردەگرن مەترسیان لە برینی‌ موچەکانیان هەیە بەهۆی‌ سیستەمی‌ نوێوە.

فوئاد عوسمان وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ شەهیدان و کاروباری‌ ئەنفالکراوانی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان راگەیاند "بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ وەزیری‌ شەهیدان قسەم کردووە و پێی‌ راگەیاندم کە مووچەی‌ کەسوکاری‌ شەهیدان و ئەنفالکراوان مینحەیەو بەپێی‌ یاسا نابرێت".

وتیشی‌"كەسوکاری‌ شەهیدان و ئەنفالکراوان پاش جێبەجێکردنی‌ سیستەمی‌ نوێ رێنمایی تایبەتیان بۆ دەردەکرێت بۆئەوەی‌ بزانرێت چۆن مووچەکانیان پێبدرێت و لەکوێ وەری‌ بگرن".

کەسوکاری‌ شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەگەرچی‌ مووچەکانان پاشەکەوت ناکرێت، بەڵام موچەی‌ چوار مانگی‌ ساڵی‌ رابردوو چوارمانگی‌ ئەمساڵیان لای‌ حکومەتەو لە چاوەروانی‌ وەرگرتنیدان .








خەندان
Top