ڕاوێژکارێکی بارزانی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بارزانی و عەبادی ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 6\11\2016، کیفاح مەحموود، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: هاتنی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی دروستکردنی هەماهەنگی بووە لە نێوان هەولێر و بەغدا، بە تایبەتی هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: بارزانی لە کۆبوونەوەکە ڕای گەیاندووە کە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان پێشڕەویی بەرچاویان لە جێبەجێکردنی پلانی مووسڵدا کردووە. هەروەک عەبادیش ئاماژەی بەوەداوە، پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان توانیویانە ئەو پلانەی داندرابوو، خێراتر لە ماوەی پێشبینیکراو جێبەجێ بکەن. بۆیە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەرهەمی هەماهەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان نیشان دا”.
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو: “بارزانی لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، ئامادەی پشتیوانی بووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ دەکات”. گوتیشی: “تەنیا باس لە بارودۆخی سەربازیی شەڕی مووسڵ لەلایەن پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کرا و جەختیش لەسەر هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا کرایەوە".
لەبارەی تاوتوێکردنی ئەگەری چوونی پێشمەرگە بۆ ناو مووسڵ و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق، کیفاح مەحموود ڕوون کردەوە: "لە کۆبوونەوەکەدا باس کراوە کە پێشمەرگە ناچێتە ناو مووسڵ، حەشدی شەعبیش ناچێتە ناو مووسڵ و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری، ئەو پلانەی دانراوە ئەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەو هێزانەی ڕاسپێردراون پلانەکە جێبەجێ دەکەن”.
باسنيوز
