توركیا هێزی زیاتر بۆسەر سنوری هەرێمی كوردستان ڕەوانەدەكات
توركیا كاروانێكی دیكەی هێزە سەربازییەكانی خۆی بەچەكی قورسەوە بۆسەر سنوری وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان رەوانەدەكات.
بەپێی هەواڵێكی یەنی شەفەق-نزیك لەحكومەتی توركیا- ئەمڕۆ كاروانێكی ئۆتۆمبێلی سەربازیو زرێپۆش و سەرباز لە ئەنقەرەی پایتەختەوە گەیشتونەتە شاری غازی عەنتاب-ی توركیاو لەوێوە بەرەو شارۆچكەی سلۆپی سەربە پارێزگای شرناخ كە هاوسنورە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەڕۆن.
ئەوەش لەكاتێكدایە 1ی ئەم مانگە ژمارەیەكی زۆر تانكو زرێپۆشی سوپای توركیا گواسترانەوە بۆ ناوچەی سلۆپی سەر بە پارێزگای شرناخ كە هاوسنورە لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
جوڵاندنی ئەو هێزە هاوكاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرەو بەغدا لەبارەی شەڕی موسڵو ئەو هێزەی سوپای توركیاوە كە لەساڵی 2015وە لەباشیك جێگیركراون، توركیا جەختدەكاتەوە كە بەشداری شەڕی موسڵ دەكات، بەڵام بەغدا وێڕای رەتكردنەوەی بەشداری ئەو وڵاتە جەخت لە دەركردنی ئەو هێزە لەخاكەكەی دەكاتەوە.
هێزەكانی توركیا ئەمڕۆ لەئەنقەرەوە بە شەمەندەفەر نێردراونو توركیا وەك" هێزی ئاشتی پارێزی فەرماندەیی 28 هەمینی وشكانی" ناوی دەبات، دوای گەیشتنیان بە غازی عەنتاب بە ئۆتۆمبێل بەرەو شارۆچكەی سلۆپی لەسەر سنوری هەرێمی كوردستان دەڕۆن بە دووری 150 كیلۆمەتر لە شارۆچكەی تەلەعفەر.
توركیا دەڵێت "لەشارۆچكەی تەلەعفەر توركمانی لێدەژیو لەكاتی هێرشی پارتی كرێكارانی كوردستانو چەكدارانی حەشدی شەعبی شیعەكان بۆ سەر ئەو شارۆچكەیە پاكتاوی ڕەگەزی لەدژی توركمانەكان ئەنجامدەدەن"، بۆیە دەیەوێت بەو بیانووە سنوری هەرێمی كوردستانو عێراق ببەزێنێتو لەدژی گەریلاكانی پەكەكەو حەشدی شەعبی شەڕبكات و پێگەی خۆی لەناو عێراقدا پتەوتربكات.
بەڵام پێشتر حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، هۆشداری توندی داوەتە توركیا و ڕایگەیاند"ئەگەر توركیا شەڕی دەوێت ئەوا ئێمە ئامادەی شەڕین".
توركیا دەڵێت بۆ دژایەتیكردنی پەكەكەو رێكخراوی داعش هێز دەجوڵێنێتو هەڕەشەی روبەڕوبونەوەیان دەكات، لەكاتێكدا ئەو هێزەی توركیا كە لەساڵی 2015وە بە چەكی قورسەوە لەشارۆچكەی باشیك( 12 كیلۆمەتر لە باكووری رۆژهەڵاتی موسڵ) جێگیركراون، بەوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەشێك نییە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش.
Xandan-
