سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ به‌ڵگه‌ و داتا ساخته‌كاریی و چه‌واشه‌كارییه‌ "ئامانجداره‌كان"ـی ئێن ئاڕ تی به‌درۆ ده‌خاته‌وه‌

  سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ به‌ڵگه‌ و داتا ساخته‌كاریی و چه‌واشه‌كارییه‌

دوابەدوای ڕوونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو بابەتەی لە کەناڵی NRT بڵاو بووه‌تەوە، بۆ ڕاستی و دروستیی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، سامانە سروشتییەکان ئەم ڕاستیانەی خوارەوەی به‌ داتا و زانیاریى دروست ده‌خاته‌ بەردەم ڕای گشتی:

1- کەناڵی NRT سەرجەم ڕاپۆرتەکانی لە ڕاستییەوە دوورە و بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین کە جگە لە چەواشەکاری و ساختەکارییه‌كى به‌ ئه‌نقه‌ست و مه‌رامدار، هیچ ئامانجێکی دیكه‌ى لە پشتەوە نییە.
2- ئەو زانیارییانەی پەیوەندییان بە بڕی هەناردەکردنی بیرەکانی (تاوکێ)وە هەیە کە لە ڕاپۆرتەکەیاندا بە بڕی (190) هەزار بەرمیل و هەروەها هەناردەکردنی بیرەکانی (تەق تەق) بە بڕی (110) هەزار بەرمیل ئاماژەیان پێکردبوو، لە هه‌موو ڕاستییه‌كەوە دوورن، چونکە وەک ئەوەی لە ماڵپەری فه‌رمیى (Energy Genel) لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە، زۆر بە ڕوونی دیارە و بڕەکانیشی دیاریکراوە، وەک لە خشتەی خوارەوە دەردەکەوێت:



هەروەها تێكڕاى بەرهەمهێنانى ڕۆژانه‌ لە چارەگی سێیەمی مانگه‌كانى 2016 کە دەکاتە (1/7/2016) تاکو (30/9/2016) بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:



بۆیە تێكڕاى بەرهەمهێنانى ڕۆژانه‌ لە (نۆ) مانگی ڕابردووی ئەم ساڵدا لەو دوو کێڵگەیەی ناویان هاتووە كه‌ لە (1/1/2016) دەستپێدەکات تاکو (30/9/2016 ) بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:



ئەم ژمارانەی کە لەم خشتانەدا بڵاوبوونه‌تەوە، تەنیا بەشێکن لەو ڕاستیەی بۆ ڕای گشتی دەسەلەمێنن کە چ چەواشەکاریەکى به‌ ئه‌نقه‌ست لە ژمارەکاندا کراوە، بۆ ئەوەی ڕای گشتی پێ لەخشتەبەرن. جێگای ئاماژەپێکردنە ماڵپەڕی كۆمپانیاى (Genel Energy) لەسەر ستاندەردی جیهانی ئەژمار کراوە و لە بۆرسەی لەندەن تۆمار کراوە، بۆیه‌ ناتوانێت گۆڕانکاری لە ژمارەکاندا بکات.

3- بۆ ڕاستی و دروستیی بەڵگەکان، هەموو کەسێک دەتوانێت لەم لینکەی خوارەوە سەردانی سەرچاوەی داتاکانی ماڵپەری (Genel Energy) بکات.
http://www.genelenergy.com/media/2006/genel-oct-16-trading-and-operations-update-final.pdf

4- سەرجەم داتای بیرەکانی دیكه‌ کە لە ڕاپۆرتی NRTدا هاتووە، وەک لە نموونەی خاڵی دووەم ڕوونکراوەتەوە، ژمارەکانیان به‌ ئه‌نقه‌ست دووقاتی ژمارە ڕاستەقینەکان زیاد کراون و ژمارى زیاترى خراوه‌ته‌ سه‌ر، کە ئێمە وەک وەزارەتی سامانە سروشتیەکان مانگانە بەوپەڕی شەفافیەتەوە لە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتماندا، ئاماژه‌مان بۆ کردوە و بڵاوی دەکەینەوە.
5- دووپاتی دەکەینەوە کە سەرجەم داتاکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوت لە هەرێمی کوردستان، ملکەچی پرۆسەی وەردبینی دەبن، ئەنجامەکەشی لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاو دەکەینەوە.
6- جێگای سەرسوڕمانە کەناڵی NRT دوور له‌ هه‌موو ئەتەکێت و پرنسیپێکی ڕاگەیاندن، تاکلایەنە و بێگەڕانەوە بۆ وەزارەتمان و پرسوڕاپێکردن، لە سەرچاوەی گوماناوی و نادیاره‌وه‌، به‌ ئه‌نقه‌ست و بۆ مه‌رامێكى تایبه‌ت ژمارەی ساختە و نادروست بڵاو دەکاتەوە، کە ئەمە بە هیچ شێوەیەك جێگای قبووڵکردن نییە و دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌موو ڕێكارێكى یاسایى له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌گرینه‌ به‌ر.
Hawler-
Top