شارەوانی کەرکووک تەرمی 90 چەکداری داعش بەخاک دەسپێرێت
لە کەرکووک تەرمی 90 چەکداری داعش کە لە 21ـی مانگی رابردوو هێرشیان کردە سەر شارەکە و هەموویان بە دەستی هیزە ئەمنییەکان کوژران لەلایەن شارەوانییەوە بەخاک دەسپێردرێن.
له پزیشكی دادی کەرکووک نموونەی ترشی ناوەکی (DNA) هەموو چه‌كداره كوژراوه‌كانی داعش وه‌رده‌گیرێت، دوای پشكنینه‌كان تەرمەکانیان راده‌ستی شاره‌وانی كه‌ركووك ده‌كرێن، شارەوانیش بەخاکیان دەسپێرێت.
سەرپەرشتیاری گۆڕستانی گەورەی کەرکووک هه‌رچه‌نده پێی خۆش نییه ته‌رمی چه‌كدارانی داعش بێته گۆڕستانه‌كه‌وە، به‌ڵام ده‌ڵێت به‌جۆرێك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن كه ناشه‌رعی بێت.
شێخ عه‌لی، سه‌رپه‌رشتیاری گۆڕستانی گه‌و‌رەی كه‌ركووك به تۆڕیی میدیایی رووداوی راگه‌یاند "له شه‌رعدا چۆن دیاریكرابێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا بكه‌ین كه خوێنی موسڵمانان به‌ناحه‌ق ده‌ڕێژن، به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین، چونكه پێغه‌مبه‌ر ئیسلام نه‌هی له‌وه كردووه تەرمەکان ئه‌تك بكرێن، گوێیان یان لووتیان ببڕێت".
حوسێن سابیر، بەڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندرووستی كه‌ركووك لەمبارەیەوە دەڵێ "ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌ناسراون و به‌دڵنیایشه‌وه كه‌س داوای ته‌رمه‌كانیان ناكاتەوە بۆیە ئێمه رێوشوێنی یاسایی ده‌گرینه‌به‌ر و پشكنینی ته‌واویان بۆ ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی پێویست بكات لێیان وه‌رده‌گیرێت به‌تایبه‌تی DNAـیان و پاشان كۆدی بۆ داده‌نرێت".
Rudaw-
