پەرلەمانتارێکی گۆڕان بە توندی هێرش دەکاتە سەر مەلا بەختیار

 پەرلەمانتارێکی گۆڕان بە توندی هێرش دەکاتە سەر مەلا بەختیار
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ئاشکراکردنی پشکی 18%ی بزووتنەوەی گۆڕان لە پاڵاوگەی نەوتی بازیان، بە توندی هێرش دەکاتە سەر مەلا بەختیار.

عەلی حەمەساڵح لەو ڕوونکردنەوەیەدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، بە زمانێکی توند هێرشی کردووەتە سەر مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەوەی ڕەت کردەوە کە گۆڕان پشکی 18%ی لە پاڵاوگەی نەوتی بازیاندا هەبێت.

بە گوتەی عەلی حەمەساڵح: “پاڵاوگه‌ی نه‌وتی بازیان لە ساڵی 2008 مۆڵه‌تی وه‌رگرتووە، زۆر پێش دروستبوونی گۆڕان، وه‌زاره‌تی پیشه‌سازیی عێراق دروستی کرد، نزیکه‌ی 70٪ی ته‌واو بوو، یه‌کێتی ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت له‌ ڕێگای کۆمپانیای (نۆکان)ەوە، چه‌ند هه‌وڵێکی دا له‌گه‌ڵ چه‌ند کۆمپانیایه‌ک ته‌واوی بکات، به‌ڵام شکستی هێنا، دواجار دایان به‌ کۆمپانیای قه‌یوان، قه‌یوان ته‌واوی کرد و خستییه‌ کار و تا ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر باش فراوان کرا (40 هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانه‌)”.

داواشی لە مەلا بەختیار کردووە، پێش ئەوەی زانیارییەکانی بدایە، پرسیاری لە دلێری سەید مەجید، لە دارایی گشتیی یەکێتی و کۆمپانیای (وزە) بکردایە کە بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی سەرپەرشتی دەکات.

هاوکات ناڕاستەوخۆ چەند تۆمەتێکیش ئاراستەی مەلا بەختیار دەکات، بەوەی پرسیاری لێ کردووە: “مه‌لا به‌ختیار، با پێمان بڵێ، ئایا له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ کێ شه‌ریکه‌؟ له‌کام بینا؟ هیچ موڵکی له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌؟ به‌ناوی کام که‌سی نزیکیه‌تی؟ ئایا هیچ که‌سێکی نزیکی خه‌ریکی کاری ساخته‌ و هێنانی کرێکاری بیانییه‌ له‌ ڕێگای فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی؟”.

ڕەخنەشی لە کەسانی نێو گۆڕان گرتووە و دەڵێت، ئەگەر “سیاسەتی هەڵەی چەند برادەرێکی گۆڕان نەبا”، مەلا بەختیار “نەیدەتوانی هەموو ڕۆژێک بەم زمانە بدوێت”.














باسنيوز
Top