هۆکاری داوای دەست لەکارکێشانەوەی سکرتێری حدک ئاشکرا دەبێت

 هۆکاری داوای دەست لەکارکێشانەوەی سکرتێری حدک ئاشکرا دەبێت
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەناو حزبی دیموکرات (حدک) درزیان کردووە، ماوەیەکە ئەندامانی ڕێبەریی ئەو حزبە لەگەڵ بەشێکی زۆر لە ئەندامان لە هەڵوێست و وتارەکانی سکرتێری گشتی (خالید عەزیزی) لە بەرانبەر سیاسەتی حزب و کۆماری ئیسلامی ناڕازین، ئەمەش لە دوایین پلینۆمی ئەو حزبەدا کاردانەوەی عەزیزی لێ کەوتەوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن "لە دوایین پلینۆمی حدک کە ڕۆژی ١٦ی ئوکتوبر ٢٠١٦ کۆتای پێهات، دوای باس و موناقشەیەکی زۆر لەسەر سیاسەت و هەڵوێستەکانی خالیدی عەزیزی، ناوبراو بە شێوەیەکی فەرمی نامەی وازهێنانی خۆی لە پۆستی سکرتێری پێشکێش بە کۆمیتەی ناوەندی حدک کرد."

خالیدی عەزیزی ڕای گەیاندووە "لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەندامانی حزبەکەی پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئەو ناکەن، هەروەها شەڕی جیناحی نێوان باڵی (ڕێبەرایەتی شۆڕشگێر) و لایەنگرانی مامۆستا حەسەنزادە، قووڵتر بووەتەوە، دەست لەکار دەکێشێتەوە."

هەرچەند پێشتر هەندێ سەرچاوە هەواڵی قەبووڵکردنی داوای دەست لەکارکێشانەوەی خالید عەزیزیان لەلایەن ڕێبەرایەتیی (حدک)ەوە بلاو کردبووەوە، بەڵام "بە گوتەی ئەندامانی ڕێبەرایەتیی (حدک) هەتا ئێستا بە فەرمی داخوازیی دەست لەکار کێشانەوەی خالید عەزیزی پەسەند نەکراوە و هێشتا بە فەرمی سکرتێرییە، چونکە لە کۆنگرە ڕەوایی پێ دراوە."

ئوان پێیان وایە چونکە کۆنگرە بە فەرمی ئەوەی وەک سکرتێر هەڵبژاردووە و پێش پلینۆم لەم بارەوە هیچ قسە و پێشنیارێکی بە ئەندامای ڕێبەری نەکردووە و لەناکاو داوایەکی وای خستووەتە بەرباس، بۆیە لە بەرنامەی کاریی پلینۆمدا نەبووە"

بە گوێرەی زانیارییەکان "سیاسەت و هەڵوێستەکانی خالید عەزیزی، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەرا و کێشەی زۆری لە نێوخۆیی حیزبەکەی و لە دەروەی حیزبەکەی لێ کەوتەوە، لەبەر ئەوەی خالید عەزیزی وەک سکرتێر، لە وتار و لێدوانەکانی هەندێ بۆچوون و ڕای دەربڕیوە، کە لەگەڵ سیاسەت و ئاراستەی حدک کە ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامییە یەک ناگرنەوە و بە جۆڕیک لەگەڵ ڕوانگەی ڕیفۆرمخوازە کوردەکانی ڕۆژهەڵات یەک دەگرنەوە."

لە حاڵیکدا لایەنی زۆرینە و کادر و پێشمەرگە دێرینەکانی حدک کە خاوەنی ئەزموونی زۆری خەبات و شەڕی چەکدارین، لەگەڵ ئەم بۆچوونانەی خالید عەزیزی کە باوەڕی بە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامییە، دژایەتییان هەیە و ئەمەش خۆی بووەتە کێشەیەک، چونکە پاش دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەلایەن حزبی دیموکراتی کوردستان (حدکا)، لایەنی حدکیش هەندێ پێشمەرگە و تیمیان ناردەوە ناخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات کەلە سەردەشت دوو پێشمەرگەیان لێ شەهید بوو، کە ئەمەش هێندەی دیکە کێشەکانی نیوان خالید عەزیزی و زۆرینەی حزبی قووڵتر کردەوە.

حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) کە ساڵی 2006 لە (حدکا) جیابوونەوە خۆیان بە حزبێکی سەربەخۆ و بە خاوەن مێژوو و ڕابردووی حزبی دیموکرات دەزانن، هەر ئەمەش جەوهەری کێشە و ململانێیانە لەگەڵ حدکا و ئەمەنیش پێیان وایە دەبێ ناو و ئارم لۆگۆی حزبەکەی ئەوان بەکار نەهێنن، و پاش دە ساڵ جیابوونەوە و لێکدابڕان، وێرای ئەوەی لە دوو ساڵێ ڕابردوودا چەندین گەڕ دانیشتنیان بەمەبەستی یەکگرتنەوە پێکهێناوە، کەچی هەتا ئیستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.


















باسنيوز


Top