بەرهەم ساڵح: هێرشەکەی داعش بۆ سەر کەرکووک یەکجار مەترسیدار بوو

 بەرهەم ساڵح: هێرشەکەی داعش بۆ سەر کەرکووک یەکجار مەترسیدار بوو
جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، هێرشەکەی داعش بۆ سەر کەرکووک، بەقەد هێرشی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بۆ سەر مووسڵ مەترسیدار بووە. داوای چاککردنی سیستەمی سیاسیش دەکات.

بەرهەم ئەحمەد ساڵح، لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ کەناڵی (ئەلشەرقیە) کە لە چوارچێوەی بەرنامەی (حیوار)دا بوو، لەبارەی هێرشەکەی 21\10\2016ی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش بۆ سەر کەرکووک، ڕای گەیاند: “هیچ سزایەكی‌ بە كۆمەڵی‌ ئاوارەكان نەدراوە، بەڵام دۆخی‌ ئەمنیی پێویستی‌ بە وریایی زیاتر هەیە”. ئەوەشی‌ ئاشکرا کرد: “ئەوەی لە كەركووك ڕووی دا، زۆر مەترسیدار بوو، ئەگەر ڕۆڵی‌ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان نەبووایە، ئەوا ئێستا دۆخەكە زۆر خراپ دەبوو، هەروەها ئاوارەكان زەرەرمەند دەبوون، ئەوەی‌ كراوە ڕێوشوێنی‌ ئەمنین، نەك بۆ ئاوارەكان، بەڵكو بۆ هەموو كەسێك گرنگە ئەنجام بدرێت”.

بەرهەم ساڵح جەختی لەوە کردووەتەوە: “پێویستە هاتنی‌ چەكدارەكانی‌ داعش بە ئاسانی‌ وەرنەگیرێت، چونكە كارێكی‌ مەترسیدار بوو، پێویستە لێكۆڵینەوە لە هاتنی‌ ئەو چەكدارانە بكرێت، بەڵام ئەوەی‌ لەبارەی‌ سزادانی‌ بە كۆمەڵی‌ ئاوارەكانی‌ كەركووك دەوترێت، ڕاست نین‌ و ڕاگەیاندنەكان گەورەی دەكەن، ئەو كردەوەیەی داعش لە كەركووك ئەنجامی دا، بۆ پەردەپۆشكردنی‌ شكستەكانیەتی لە مووسڵ، چونكە ئەو هێزەی‌ هاتبوون، هێزێكی‌ گەورەی‌ خۆكوژی‌ بوون، پێویستە ڕێوشوێنە ئەمنییەكان توندوتۆڵتر بكرێن، چونكە ئەمە هەوڵی‌ كۆتاییهاتنی‌ داعشە".

لەبەشێكی دیكەی دیدارەکەدا، جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، لەبارەی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ، باسی لەوە کرد: “ئەوەی‌ لەچەند رۆژی‌ رابردوودا ئەنجام دراوە، لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ شارەكان، زۆر باشبووە و هەماهەنگیی زۆر باش لەنێوان هێزەكاندا هەیە و ئێمە لە جەنگێكی ئاسان نین، داعش مەترسییە لە سەر هەمووان لەسەر ڕۆژئاوا و رۆژهەڵات". گوتیشی: ”پێویستە لەسەرمان كە لە بەغدا گفتوگۆ لەبارەی‌ كێشەكانمان بكەین و مافی‌ نەتەوەكان پارێزراو بێت”.

بەپێویستیشی زانیوە، بیر لە هۆكارەكانی‌ سەرهەڵدانی‌ داعش بكرێتەوە، لەوانەش خراپی‌ی دۆخی‌ ئابووری‌، خراپیی دەسەڵاتداری‌ و چەندین هۆكاری‌ دیکە. بە گرنگی دەزانێت سوود لە دەیەی‌ ڕابردوو وەربگیرێت. دووپاتیشی کردووەتەوە: “ئەگەر دۆخی‌ خۆمان چاك نەكەین و سیستمی سیاسی چاك نەكەین، ئەوا دوای‌ داعش، كوڕی‌ داعش بۆمان دێت، چونكە گومانی تێدا نیە كە داعش شكست دەهێنێت".













باسنيوز
Top